"گۆڕان دانی پێدا نانێت"
مەكتەب سیاسییەكی پارتی: گۆڕان بەشداری كابینەی نوێی حكومەت دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 12/12/2018‌ :: 293‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی- پشتیوان جەمال
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی كە بەشدار بووە لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، ئاشكرایكرد، بزوتنەوەكە بڕیاریدا بەشداری كابینەی نۆیەم بكات، سەركردەیەكی گۆڕانیش دەڵێت: "ئەو وەفدەی لەكۆبوونەوەكەدا بوون، ناتوانن بڕیارێكی لەو جۆرە بدەن".


پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 12ی كانونی یه‌كه‌می 2018 شاندێكی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ سه‌رۆكایه‌تی عومه‌ر سه‌ید عه‌لی رێكخه‌ری گشتی و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندن له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونه‌وه‌. 

 

دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كاكه‌مین نه‌جاڕ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێك له‌ به‌شدارانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئیجابی بوو و قسه‌كانی ئه‌وانیش به‌و ئاڕاسته‌یه‌ بوو كه‌ ئاره‌زوویان هه‌یه‌ به‌شداری حكومه‌ت بكه‌ن به‌و مه‌رجه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێ كه‌ چاكسازی بكرێت و ئه‌وه‌ش خواستی پارتییه‌ به‌ر له‌وه‌ی گۆڕان باسی بكات. 

 

نەجاڕ وتیشی: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌دوولا له‌ زۆر شت هاوڕا بووین، به‌ڵام له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی حكومه‌ت و هه‌یكه‌ل و دابه‌شكاری پۆسته‌كانی هەر‌سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ به‌ ورده‌كارییه‌وه‌ قسه‌ نه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ جێهێڵدرا بۆ لیژنە تایبه‌ته‌كانی پارتی له‌ڕۆژانی ئاینده‌ گفتوگۆی زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ دەكه‌ن. 

لەبەرامبەردا بەرپرسێكی گۆڕان بۆ دواڕۆژ قسەیەكی جیاوازی هەیە و دەڵێت: "وەفدەكەی ئەمڕۆیان بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دەسەڵاتی بڕیاردانیان بۆ بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەتی نوێ نییە و دەبێت جڤاتی نیشتمانی ئەو بڕیارە بدات".

چالاك موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان راشیگەیاند: ئەو سەركردەیەی پارتی رای خۆیەتی، چونكە بڕیاری كۆتایی ئێمە لە جڤاتی نیشتمانی یەكلایی دەكرێتەوە.

ناوبراو وتی: "ئەگەر لەم كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ وەفدەكەمان بەرچاوڕوونییەكی باشی هەبووبێت و لە نیازی پارتی گەیشتبێت، دێنە ناو جڤات و بۆمان روون دەكەنەوە دواجار بڕیار دەدرێت".


داڕشتنەوەی: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure