شارەوانی سلێمانی له‌باره‌ى لابردنی عەرەبانەكانی سەهۆڵەكە رونكردنه‌وه‌ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 13/12/2018‌ :: 317‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەرپرسێكی شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت: بەپێی یاسایەكی پەرلەمانی كوردستان دەستیان بەلابردنی عەرەبانە و دەستگێڕەكانی شەقامی سەهۆڵەكەی سلێمانی كردوە، سەرۆكی فراكسیۆنێكی ئەنجومەنی پارێزگاش داوادەكات شوێنێكی شایستە بۆ ئەو عەرەبانانە دابین بكرێت.

لە رۆژانی رابردوودا دەستكرا بە لابردنی عەرەبانە و دەستگێڕەكانی ناوچەی سەهۆڵەكەی سلێمانی كە ئێواران و شەوان خەڵكێكی زۆر، به‌تایبه‌ت گه‌نجان رووی لێده‌كه‌ن، ئەوەش نیگەرانی خاوەن عه‌ره‌بانه‌كانی لێكەوتەوە.

فەتاح حسێن، لێپرسراوی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەمساڵ یاسای ژمارە 3ی پەرلەمانی كوردستان دەرچووە كە 20 ماددەیە و باسی زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵكی گشتی دەكات و هەموو كوردستان دەگرێتەوە، ئەم چەند رۆژەش بۆ مەبەستی لابردنی زیادەڕۆیی دەستیان بە لابردنی عەرەبانە و دەستگێڕەكانی ناوچەی سەهۆڵەكەی شەقامی سالم كردووە.

ناوبراو وتیشی: "گلەییمان بۆ هاتووە كە ئێواران شۆستەكە بەتەواوی دەگیرێت و بواری هاتوچۆی هاووڵاتیان نییە، ئەمڕۆ هاووڵاتییەك هاتووە دەڵێت 70 كورسیم دەستی بەسەردا گیراوە، ئایا چۆن دەبێت 70 كورسی لەسەر شۆستەیەك بێت".

فەتاح حسێن روونیكردەوە: هەندێك لە كۆشكەكانی سەهۆڵەكە لەگەڵ شارەوانی گرێبەستیان لەگەڵ كراوە و ساڵانە پارە دەدەن، بۆ چارەسەری كێشەی دەستگێڕەكانی دیكەش، وتی: "دەبێت لەلایەن پارێزگار و قایمقامی سلێمانی و شارەوانییەوە بڕیارێكی نوێیان بۆ دەربچێت، تا بزانرێت ئێواران تا شەو چ كاتێك بۆیان هەیە لەو شوێنەدا كار بكەن".

لەلایەكی دیكەوە كاسترۆ مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دواڕۆژی وت: "عارەبانە و دەستگێڕەكان لەتەواوی پارێزگای سلێمانی هەیە كۆمەڵێك هاووڵاتی هەژارن كە ژیانی ماڵ و منداڵەكانیان لەسەر ئەو شەقامانەیە، لەكاتێكدا لەزۆر شوێن دوكاندارەكان شەقامەكانیشیان بەكرێ پێدەدەن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد: هیچ كەس نییە دژی رێكخستن و جوانكردنی شار بێت، بەڵام ناشكرێت ئەوە بیربچێت كاتێك بڕیارێك دەردەكرێت بیر لەبژێوی ژیانی هاووڵاتیان نه‌كرێتەوە، بۆیە داواكارە شوێنێكی شایستە بۆ ئەو كاسبكارانە دابین بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بكەن.    

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure