حیزبه‌كان هۆكارى دواکەوتنی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ ئاشكراده‌كه‌ن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 12/12/2018‌ :: 606‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا تێپه‌ڕبووه‌، به‌ڵام هێشتا ئاسۆی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێم نادیاره‌، حیزبه‌ سیاسییه‌كانیش هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ نه‌بوونی یاسایه‌ك كه‌ حیزبه‌كان په‌یوه‌ست بكات له‌ماوەیه‌كی دیاریكراودا حكومه‌ت پێكبهێنن.


رۆژی 30ی ئەیلولی 2018 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا و رۆژی 6-11-2018یش یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان، نەتوانرا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و دانیشتنەكە بە كراوەیی هێڵراوەتەوە.

لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولدا، پارتی بە بەدەستهێنانی 45 كورسی بووە براوەی یەكەم، یەكێتی 21 كورسی، گۆڕان 12 كورسی، نەوەی نوێ 8 كورسی، كۆمەڵ 7 كورسی، یەكگرتوو 5 كورسی، حیزبی سۆسیالیست و شیوعیش هەریەكە و كورسییەكیان بەدەستهێنا، لەگەڵ 11 كورسی بۆ كۆتاكان.

پارتی وەكو براوەی یەكەم مانگی رابردوو سەردانی شاری سلێمانی كرد و دوو كۆبوونەوەی راوێژكاریی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان ئه‌نجامدا، بۆ چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، هەفتەی رابردووش بە رەسمی مەسرور بارزانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی بۆ سەرۆكی حكومەت و نێچیرڤان بارزانیش بۆ سەرۆكی هەرێم كاندید كرد، دوێنێ و ئەمڕۆش لەشاری هەولێر بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆبووەوە.

نوری حەمەعەلی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە جیاوازی زۆر هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، هۆكاری یەكەم، هیچ حیزبێك ناتوانێت 50+1 بهێنێت تا بتوانێت بەتەنها حكومەت دروست بكات، هۆكاری دووەمیش هەندێك لە حیزبەكان كە توانای جەماوەری زۆریان نییە، بەڵام دەیانەوێت بەشدار بن، هۆكارێكی دیكەش وڵاتانی دەرەوە كاریگەرییان لەسەر دروستكردنی حكومەتەكانی كوردستان و عێراقیش هەیە، بۆیە دەبێت رەچاوی هەموو لایەنێك بكرێت.

ناوبراو روونیشیكردەوە: ئەگەر وەكو وڵاتانی دەرەوە بێت، ئەو حیزبەی زۆرینەی دەنگی هێنا دەتوانێت هەر لایەنێك ویستی حكومەتی لەگەڵ دروست دەكات، بەڵام ئەو سەركردەیەی پارتی پێشنیارێكی بۆ ساڵانی داهاتوو هەیە و وتی: "خەڵكی كوردستان دەتوانێت بۆ قۆناغەكانی داهاتوو هەر حیزبێكی ویست، زۆرینە متمانەی پێببەخشن، بۆ ئەوەی بتوانێت بە تەنها حكومەت پێكبهێنێت".

هاوكات سامان گەرمیانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ وتی: "لە رابردوودا نێوان حیزبەكان بەشێوەیەك بووە پێكەوە دانەنیشتوون، پاشان هەڵبژاردن هاتەپێشەوە و دەرگای بۆ دانیشتن كردەوە، ئێستاش جۆرێك لە بێمتمانەیی دروستبووە، بۆیە كاتی ویستووە تا پێكەوە دابنیشن و گفتوگۆ بكەن".

بەوتەی گەرمیانی، پارتی لەبەرئەوەی براوەی یەكەمە پەلە لە دروستكردنی حكومەتی نوێ ناكات، بەڵام بۆیشی دەركەوتووە بێ یەكێتی حكومەت دروست ناكرێت.

ناوبراو وتیشی: "یەكێتی داوای رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی كردووە تا حكومەتێكی شەراكەتی راستەقینە پێكبێت، بۆیە ئەوەش كاتی دەوێت، بەڵام ئێستا دۆخەكە باش هاتووە و جۆرێك لە تێگەیشتن هەیە".

دوێنێ سێشه‌ممه‌، هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌ و رێككه‌وتن له‌سه‌ر رێكخستنه‌وه‌ی باشتری په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردولایان، له‌ ئاستی پێویستی قۆناغه‌كه‌دا بێت له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانه‌وه‌.

هەمان كات، ساڵح ژاژڵەیی، جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە دواڕۆژی راگەیاند: لەم وڵاتانەی كە دیموكراسی تێدا نییە، حیزبەكان حكومەتیان بۆ خۆیان دەوێت، نەك بۆ خزمەتكردنی میللەت، لە عێراقیش بەهەمانشێوەیە، پارتی كە هەقی پێكهێنانی حكومەتی هەیە دەیەوێت هەمووی لە بەرژەوەندی خۆی بێت، دیارە لایەنەكانی دیكەش بەشی خۆیان دەوێت.

ژاژڵەیی وتیشی: "بۆ نموونە جاران پارتی رازی نەبوو سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێت، بەڵام ئێستا لەبەرئەوەی زۆرینەی كورسییەكانی بەدەستهێناوە دەڵێت كێشەی نییە سەرۆك لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت".

بەڵام شێركۆ جەودەت، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان كە پێشتر پەرلەمانتار بووە، قسەیەكی دیكەی بۆ دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی نوێ هەیە.

شێركۆ جەودەت بۆ دواڕۆژ روونیكردەوە: هۆكارەكەی كێشەیەكە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان و یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە سڕكراوە و دەسەڵاتەكانی دابەشكراون، دیارینەكراوە كە نابێت ماوەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە كاتێكی دیاریكراو زیاتر بخایەنێت، بۆ نموونە لە بەغدا دەڵێت لەماوەی مانگێكدا گەورەترین فراكسیۆن حكومەتی نوێ پێكبهێنێت، ئیتر لەو ماوەیە زیاتر ناخایەنێت".

ناوبراو وتیشی: "پێشتر زۆر هەوڵیانداوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەنەوە، بەڵام هەوڵەكەیان سەری نەگرت، لەگەڵ ئەوەشدا لە ماددەی 1ی پەیڕەوی ناوخۆ جێگیریان كردووە كۆبوونەوەی پەرلەمان یەك رۆژە و نابێت درێژتر بكرێتەوە".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو وتیشی: "ئەگەر لایەنە سیاسییەكان چوارچێوەی یاساییان بۆ دابنرێت، ئەو هەڵە گەورەیە ناكەن، چونكە لە پەیڕەو كات بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ دیارینەكراوە و ماوەكە كراوەیە".

هەروەها ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری پێشووی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "لە كوردستان یاسایەك نییە باس لەوادەیەك بكات بۆ كاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، ئەوەش لەبەر بۆشایی دەستور، بەڵكو تەنها ماددەیەكی پەیڕەوی ناوخۆ هەیە كە دەڵێت لەیەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان دەستەی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێرێت".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure