پارتی و گۆڕان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم کۆدەبنەوە

هەواڵ / کوردستان :: 12/12/2018‌ :: 870‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12ی کانونی یەکەمی 2018 كۆبوونه‌وه‌ی نێوان مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستیپێكرد، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ئاشكرایده‌كات: كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر مه‌رجه‌كانی هه‌ردوولا. 

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار ده‌ستیكه‌وتووه‌، ئه‌مڕۆ گۆڕان پڕۆژه‌یه‌ك ده‌خاته‌ به‌رده‌می پارتی سه‌باره‌ت به‌ كاری حكومڕانی له‌ چوار ساڵی داهاتوودا و گۆڕان جارێكی دیکە مه‌رجی ئه‌نجامدانی چاكسازی كردووه‌ته‌ مه‌رجێك له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم. 

سه‌رچاوه‌كه‌ وتیشی: "گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتی باس له‌و پۆستانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌درێت پێیان، له‌وانه‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم یان جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سێ وه‌زاره‌ت".

شاندی پارتی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ گۆڕان كۆده‌بنه‌وه‌ پێكهاتوون له‌ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار زێباری، کاکەمین نەجاڕ، مەحمود محەمەد، عیزەدین بەرواری و رێبوار یەڵدا، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی. 
  
شاندی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش پێكهاتوون له‌ عومه‌ر سەید عه‌لی، رێكخه‌ری گشتی، شۆڕش حاجی، مسته‌فای سید قادر، حه‌مه‌ تۆفیق ره‌حیم و جه‌لال جه‌وهه‌ر، ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure