نرخی تمه‌ن گۆڕانکاری بەسەرداهات

هەواڵ / ئابوری :: 12/12/2018‌ :: 6427‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
به‌هاى تمه‌نى ئێران به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌رچاوه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى، ئه‌مڕۆ 12ی کانونی یەکەمی 2018 له‌کاتی  كردنه‌وه‌ى بازاڕدا نرخێكى نوێى تۆماركرد و 100 دۆلار به‌ 980 هه‌زار تمه‌ن مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، ماوەى زیاتر له‌ چوار مانگه‌ بۆ ئه‌و ئاسته‌ به‌رزنه‌بوه‌ته‌وه‌.

شاخه‌وان فه‌لاح، له‌ كۆمپانیاى په‌ى ماسته‌ر (PMC) له‌ سلێمانى به‌ دواڕۆژى  راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌کاتی كردنه‌وه‌ى بازاڕدا به‌هاى تمه‌ن به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى و 100 دۆلار به‌ 980.000 تمه‌ن فرۆشرا، له‌كاتێكدا دوێنێ له‌ كردنه‌وه‌ى بازاڕدا 100 دۆلار به‌ 1.050.000 تمه‌ن بووه‌.

سه‌باره‌ت به‌هۆكارى به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاى تمه‌ن وتى: "پێشتر  دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن دابه‌زینێكى زۆر بووه‌، نرخى راسته‌قینه‌ى نه‌بوو، لەئێستاشدا ورده‌ ورده‌ بۆ نرخى راسته‌قینه‌ى خۆى ده‌ڕوات".

وتیشى: "له‌ مانگی ئابى رابردووه‌وه‌ کە دەکاتە چوار مانگ پێش ئێستا، به‌هاى تمه‌ن بۆ ئه‌و ئاسته‌ به‌رزنه‌بووه‌ته‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ى پێوه‌نه‌كراوه‌". 

له‌دواى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى و سه‌پاندنه‌وه‌ى سزاى ئابوورى به‌سه‌ر ئێراندا، به‌هاى دراوى ئێران به‌رامبه‌ر دۆلار به‌رده‌وام روو له‌ دابه‌زینه‌، له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مدا بۆ به‌رزترین ئاست به‌رزبوه‌وە، به‌ڵام ماوه‌ى مانگێكه‌ به‌هاى تمه‌ن روو له‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌.

ئا: سیروان محه‌مه‌د



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure