ناوچەیه‌كى بازرگانی ئازاد لە نێوان پێنجوێن و مەریوان دەكرێتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 11/12/2018‌ :: 433‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
كارەكانی دروستكردنی ناوچەی ئازادی (مەریوان – بانە) لەگەڵ قەزای پێنجوێن، بەكۆتا گەیشتووە و پارلەمانتارێكی ئێرانیش، دەڵێت: "لەئایندەیەكی زۆر نزیكدا ئەو ناوچەیە دەكرێتەوە و لەڕووی داهاتیشەوە سودێكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان دەبێت".


موحسین بیگلری، نوێنەری سەقز و بانە لەپارلەمانی ئێران، بەدواڕۆژی راگەیاند: "لەماوەی رابردوودا لەلایەن بازرگانان و كۆڵبەرانی هەردوو دیوی هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵات، داواكارییەكی زۆر ئاڕاستەی ئێمە وەك نوێنەری هەردوو شاری سەقز و بانە لەپارلەمانی ئێران كرا، بۆ كردنەوەی ناوچەیەكی ئازادی بازرگانی لەنێوان شاری مەریوان و بانە".

وتیشی: "بەخۆشحاڵیەوە رایدەگەیەنین، كە ئەو بابەتە لەپەرلەمانی ئێران دەنگی زۆرینەی بەدەستهێناوە و لەگەڵ پارێزگاری سنە و تیمی ئابووری ئێرانیش لەم سەردانەماندا بۆ پارێزگای سلێمانی، جارێكی تر باسی لێوە دەكەین، چونكە ئەو ناوچەیە هەلیكاری زیاتر و داهاتی باشیشی بۆ هەردوولا فەراهەم دەكات".

روونیشیكردەوە: لەئایندەیەكی زۆر نزیكدا ناوچەی ئازادی بازرگانی مەریوان و بانە لەگەڵ قەزای پێنجوێن، دەكرێتەوە و سودێكی زۆریشی بۆ دانیشتوانی پێنجوێن دەبێت، چونكە دەكەوێتە نێوان هەردوو مەرزی باشماخ كە دیوی مەریوانە و سەیرانبەن كە دیوی بانەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد: بەكردنەوەی ناوچە ئازادەكە، پەیوەندییە ئابوورییە مێژووییەكانی نێوان كوردستانی ئێران و هەرێم پتەوتر دەبێت.

پ: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure