هه‌رێم: ئۆتۆمبێل به‌ناوی هاووڵاتیانی عه‌ره‌بی دانیشتووی شاره‌كانی عێراق ده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 12/12/2018‌ :: 5067‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم، هاووڵاتیانی عه‌ره‌ب كه‌ دانیشتوی شاره‌كانی خوارووی عێراقن ده‌توانن له‌ هه‌رێمی كوردستان ئۆتۆمبێل به‌ناوی خۆیانه‌وه‌ بكه‌ن.


فازڵ حاجی، وته‌بێژی هاتوچۆی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ بڕیارێك كه‌ ئاڕاسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆی هه‌رێم كراوه‌، تێیدا ئاماژه‌ بەوه‌كراوه‌، هاووڵاتیانی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب كه‌ دانیشتووی شاره‌كانی خوارووی عێراق یان هه‌رێمی كوردستانن ده‌توانن ئۆتۆمبێلی هه‌ڵگری تابلۆی پارێزگاكانی هه‌رێم به‌ناوی خۆیانه‌وه‌ بكه‌ن.

فازڵ حاجی وتیشی: "به‌ پێی بڕیاره‌كه‌ ئه‌گه‌ر هاووڵاتیانی عه‌ره‌ب كه‌ نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان بن، ده‌توانن وه‌ك هاووڵاتیانی هه‌رێم ئۆتۆمبێلی هه‌ڵگری تابلۆی پارێزگاكانی هه‌رێم به‌ناوی خۆیانه‌وه‌ بكەن، به‌ هه‌مان ئه‌و رسوماته‌ی كه‌ له‌ هاووڵاتیانی كورد وه‌رده‌گیرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئه‌گه‌ر هاووڵاتییه‌ عه‌ره‌به‌كه‌ دانیشتووی شاره‌كانی خوارووی عێراق بێت، ئه‌وا ده‌توانێت پاڵپشتی ئاسایشی ئه‌و پارێزگایه‌ی هه‌رێم بهێنێت كه‌ تابلۆكه‌ی به‌ناوی خۆیه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وكاته‌ ژماره‌یه‌كی تایبه‌تی تابلۆی پێده‌درێت كه‌ له‌ 555ەوه‌ ده‌ستپێده‌كات و ته‌نیا به‌و هاووڵاتیه‌ ده‌درێت كه‌  به‌نه‌ته‌وه‌ عه‌ره‌بن و دانیشتووی شاره‌كانی تری عێراقن و دێن ئۆتۆمبێلی تابلۆی هه‌رێم ده‌كڕن، به‌ هه‌مان شێوه‌ش وه‌رگرتنی رسومات له‌وانه‌ش وه‌ك هاووڵاتیانی تری هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت. 

فازڵ حاجی له‌ باره‌ی ئه‌و ژماره‌ تایبه‌ته‌وه‌ وتی: "تابلۆی ژماره‌ 555 بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ بازگه‌كان بزانرێت كه‌ ئه‌مانه‌ هاووڵاتی عه‌ره‌بی دانیشتووی شاره‌كانی تری عێراقن و له‌ هه‌رێمی كوردستان نیسته‌جێ نه‌بوون.

 پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure