دابەشكردنی زەوی بەسەر توێژێکدا دەستپێدەكاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 11/12/2018‌ :: 3972‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەپشتبەستن بەبڕیارێكی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، شارەوانی هەڵەبجە زەوی پێویست دەداتە كەسوكاری ئەو شەهیدانەی تائێستا سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی.

 
كامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری‌ شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری ئەو شەهیدانەی تائێستا زەوییان پێنەدراوە، بۆ چارەسەری گرفتی تاپۆكردنی زەوییە بێ تاپۆكانی سنوری شارەوانی هەڵەبجە ئەوەش لە دوای ئەوەی قوباد تاڵەبانی بڕیارێكی دەركرد بە تاپۆكردنی زەوییە بێ تاپۆكان دەستمان كردووە بەدابەشكردنی زەوی.
 
ئاماژەی بەوەشكرد، لەلاین سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجەوە دڵنیا كراوینەتەوە كە زەوی پێویستیان لەبەردەستدایە بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر ئەو وارسی شەهیدانەی ژمارەی زەوییان وەرگرتووە، بەڵام زەوییەكەیان پێنەدراوە كە ژمارەیان 500 وارس دەبێت.

وتیشی: "گەشبینین بەچارەسەركردنی بەشێكی زۆری كێشەكان و ئەوەی لەلایەن شارەوانییەوە پێمانوتراوە كارەكان بەشێوەیەكی باش چونەتە پێش و تەنها چەند كێشەیەكی هونەری ماوە".
 
بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە، ئەوەشی خستەڕوو، سێ لیستی تایبەت بە وارسی شەهیدانی هەڵەبجەمان ئامادە كردووە كە مافی خۆیانە زەوییان پێبدرێت بە جۆرێك لیستێكیان ژمارەیان 500 وارسە و پێشتر ژمارەیان پێدراوە، بەڵام زەوییان وەرنەگرتووە، هەروەها دوو لیستەكەی دیكەش تایبەتە بە زیندانیانی نوگرە سەلمان و ئەو كەسانەی لە زیندانی نوگرەسەلمان شەهید بوون دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی وەزارەتی كاروباری‌ شەهیدان و ئەنفالكراوان دەستدەكرێت بە دابەشكردنی زەوی بەسەر ئەوانیشدا.


پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure