رسوماتی ڤیزای ئێران له‌سه‌ر به‌شێك له‌ هاوڵاتیانى هه‌رێم هه‌ڵده‌گیرێت

هەواڵ / ئابوری :: 10/12/2018‌ :: 2021‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
پارێزگاری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت: کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاریداوه‌ بە لابردنی روسوماتى ڤیزا له‌سه‌ر به‌شێك له‌ هاوڵاتیانى هه‌رێم.


ھەڤاڵ ئەبوبکر، پارێزگاری سلێمانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10ى كانونى یه‌كه‌مى 2018 لە لێدوانێکدا بە دواڕۆژی وت: "لەسەر داوای ئێمە کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی بڕیاریدرا بە لابردنی روسوماتى ڤیزا بۆ ئەو تیمانەی بۆ چالاکی وەرزشی و ھونەری رۆشنبیری سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن و لەو پارەیە دەبورێن کە بۆ پێدانى ڤیزا وەردەگیرێت".

وتیشى: "ئێمەش پەیوەست بەکاری خۆمان ئەوەمان جێبەجێکردووە، ئەو میوانانەی کە ھاتوون بۆ کۆنفرانسی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کە ھەموو میوانەکان لەڕێگەی نشینگە و گومرگ و مەرزی باشماخەوە لە رسومات بەخشراون".

ئه‌مڕۆ به‌ ئاماده‌بوونى هه‌ردوو پارێزگارى سلێمانى و سنه‌، كۆبونه‌وه‌ى بازرگانانى هه‌ردوو شار له‌ سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو.

لەبارەی ھاتنی شاندە بازرگانییەکانی ئێران و  واژۆکردنی پڕۆتۆکۆڵ لەگەڵیاندا و نیگەرانی ئەمریکا پارێزگارى سلێمانى وتى: "ئێمە تا ئێستا بەفەرمی نە لەلایەن ئەمریکیەکان نە لەلایەن دەوڵەتی عێراق، کە ئێمە پابەندین بەوانەوە، نە لەلایەن حکومەتی هه‌رێمى کوردستانەوە کە فەرمانیان لێوەردەگرین، ھیچ رێگریەک بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی پەیوەندی ئیداری و بازرگانیەکان دروست نەکراوە".

پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure