پارێزگاری سنە بۆ چارەسەری کێشە بازرگانییەکان گەیشتە سلێمانی

هەواڵ / ئابوری :: 10/12/2018‌ :: 214‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
بەمەبەستی ئاگاداربوون لە کێشە و گرفتە بازرگانییەکان، پارێزگاری سنە و شاندێکی یاوەری گەيشتنە سلێمانی و یەکەمین دیداری کاری ھاوبەشیان ئەنجامدا.

لە ده‌ستپێكى دیداره‌كه‌دا، کە ئەمڕۆ دووشەممە 10 ى كانوونى یه‌كه‌م لە سلێمانی بەڕێوەچوو ھەڤاڵ ئەبوبکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: ئەمە بۆ حەوتەمین جارە کۆبونەوەی ھاوبەش لەگەڵ کوردستانی سنە ئەنجام دەدەین بۆ بەھێزکردنی پەیوەندیيەکانی ھەردوولا.

راشیگەیاند: "لەم کۆبونەوەیەی ئەمجارەماندا باس لە کێشەکانی سەرسنور و کاری مەرزه‌کان و چارەسەرکردنی کێشەی بارھەڵگرەکان و بەردەوامی کاری مەرزەکان بە ٢٤ کاتژمێری بەھێزکردنی پەیوەندییە کلتوری و وەرزشی و مێژوییەکان لە نێوان ھەردوولادا".

لای خۆشیەوە بەھمەن موراد نیھا، پارێزگاری سنە رایگەیاند: "دەمانەوێت لەم سەردانەماندا بتوانین بەتەواوی لەو کێشانە بکۆڵینەوە کە بۆتە ھۆکاری خاوبونەوەی کاری بازرگانی و مەرزەکان، بۆیە ئێمە لە سەرجەم بوارەکاندا خەڵکی شارەکەمان ھێناوە لە بەڕێوەبەرایەتیەکان و بازرگانەکانیش تا بتوانین پێکەوە کێشەکان چارەسەربکەین و کارەکانمان خێراتربێت".

هاوكات ئاغای مەسعودیان، سەركونسوڵی ئێران لە سلێمانی وتى: "ئێمە ھەمیشە لەگەڵ بەرپرسانی سلێمانی ھەماھەنگیمان ھەبووە، تا بتوانین پێکەوە کارەکان بەرەو باشتر بڕوات و ھەر کێشەیەکی بازرگانی ھەبێت، به‌یه‌كه‌وه‌ ھەوڵی چارەسەرکردنمان داوە، ھەربۆیە ئەم کۆبونەوانە گرنگی زیاتری دەبێت، ئێمەش لەگەڵ ھەردوولادا کاردەکەین بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی بازرگانی".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ "لەساڵی 2017 کاری بازرگانی لەنێوان ھەردوولادا 3 ملیار دۆلار بووە، ئێمە دەمانەوێت بازرگانان لەم ئاستەدا نەمێننەوە، بەڵکو لە ئایندەدا ئەو رێژەیە بەرزبکەنەوە بیگەیەنن بە 5 ملیار دۆلار، کە لە ئێستادا پەیوەندی مەرزەکان زۆر قوڵ بۆتەوە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کاریگەری نابێت لەسەر پەیوەندیەکانی نێوانمان".

شاندەکەی کوردستانی سنە پێکھاتووە لە پارێزگاری سنە و سەرۆکی ژووری بازرگانی و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیەکان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کوردستان.

پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure