خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتى:
نادیه‌: چوار ساڵه‌ به‌ جیهاندا ده‌گه‌ڕێم و چیرۆكه‌كه‌م ده‌گێڕمه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 10/12/2018‌ :: 724‌ جار بینراوە
نادیه‌ موراد و دینیس مۆكویگ

دواڕۆژ
سه‌رۆكى لیژنه‌ى دابه‌شكردنى خه‌ڵاته‌كانى نۆبڵ بۆ ئاشتى رایده‌گه‌یه‌نێت: داعش هه‌وڵیدا هه‌رێمی كوردستان داگیربكات و نادیه‌ مورادیش ده‌ڵێت: به‌هۆی باوه‌ڕه‌كه‌مانه‌وه‌ زیانی زۆرمان پێگه‌یشتووه‌.


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10ى كانونى یه‌كه‌م مه‌راسیمى به‌خشینى خه‌ڵاته‌كانى نۆبڵ بۆ ئاشتى به‌ هه‌ریه‌ك له‌ نادیه‌ موراد و دینیس مۆكویگ له‌ ئۆسلۆى پایته‌ختى نه‌رویج به‌ڕێوه‌چوو.

بیریت رایس ئه‌ندرسن، سه‌رۆكى لیژنه‌ى دابه‌شكردنى خه‌ڵاته‌كانى نۆبڵ بۆ ئاشتى له‌ نه‌رویج رایگه‌یاند: داعش هه‌وڵیدا هه‌رێمی كوردستان داگیربكات و پێویسته‌ تاوانبارانى جه‌نگ سزابدرێن.

وتیشى: "سوپاسی ئازایه‌تى نادیه‌ موراد ده‌كه‌ین و ئه‌و كچێكی ئازایه‌".

پاشان نادیه‌ له‌ وته‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "ده‌مه‌وێت له‌ناخی دڵمه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ چۆن ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدی به‌هۆی جینۆسایدی داعشه‌وه‌ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شا".

وتیشى: له‌ئه‌نجامی وێرانكارییه‌كانى داعش دایكم و شه‌ش له‌ نزیكه‌كانم و منداڵی براكه‌مم له‌ده‌ستدا و چیرۆكى ئه‌و وێرانكارییه‌ هه‌موو ئێزدییه‌كى گرتۆته‌وه‌.

نادیه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: به‌هۆی دین و باوه‌ڕه‌كه‌مانه‌وه‌ زیانی زۆرمان پێگه‌یشتووه‌ و ئێزدییه‌كان له‌عێراق ژماره‌یان له‌كه‌مبوونه‌وه‌ی زۆردایه‌ و ئه‌گه‌ر نه‌پارێزرێن، له‌وه‌ خراپتر ده‌بن.

به‌وته‌ى نادیه‌ موراد، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى جددییه‌ و ده‌یه‌وێت ئیزدییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵی خۆیان، ده‌بێت بپارێزرێن به‌سه‌رپه‌رشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

نادیه‌ وتى: "ئه‌مڕۆ رۆژێكی تایبه‌ته‌ بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان و ئه‌مڕۆ رۆژی ئاهه‌نگگێڕانه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا كه‌ له‌ عێراق پاككرانه‌وه‌".

موراد ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌سه‌ده‌ی 21دا زیاتر له‌ 6000 منداڵ توندوتیژییان به‌رامبه‌ر كراوه‌ و له‌ساڵی 2014ه‌وه‌ زیاتر له‌ 3000 ژن و منداڵی ئێزدی له‌ژێر ده‌ستی داعش ماونه‌ته‌وه‌.

راشیگه‌یاند: ماوه‌ی چوار ساڵه‌ به‌هه‌موو جیهاندا ده‌گه‌ڕێم و چیرۆكه‌كه‌م ده‌گێرمه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ى هیچ به‌رهه‌مێكی ماناداری هه‌بێت و وه‌ڵامێك وه‌ربگرم.

وتیشی: "سوپاسی به‌خشینى ئه‌م خه‌ڵاته‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ڕاستیدا هیچ خه‌ڵاتێك به‌قه‌د ئه‌وه‌ نییه‌ رێزمان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و خۆشه‌ویستانمان پێبداته‌وه‌".

ئه‌وه‌شی ئاماژه‌ پێدا، ده‌بێت ژنان به‌شداری كارایان پێبكرێت و كلیلی هێزن و له‌كۆتاییدا سوپاسی هاوژینه‌كه‌م ده‌كه‌م و سوپاسی ئه‌و وڵاتانه‌ش ده‌كه‌م دانیان به‌جینۆسایدی ئێزیدیاندا ناوه‌.

سوپاسی هه‌رێمی كوردستان و كه‌نه‌دا و ئوسترالیا و فڕه‌نسا ده‌كه‌م كه‌ هاوكارێكی باشی پرسی جینۆسایدی ئێزدی و هاوكاریكردنى ئاواره‌كان بوون.

جگه‌ له‌ نادیه‌ له‌و مه‌راسیمه‌دا دینیس مۆكویگ-ى تەمەن 63 ساڵ و پزیشکی ژنان لە ناوچەی بۆکافۆ لە کۆنگۆ، خه‌ڵاتى نۆبڵ بۆ ئاشتى وه‌رده‌گرێت.

مۆكویگ له‌وته‌یه‌كیدا سوپاسی رێكخه‌رانى خه‌ڵاته‌كه‌ی كرد و هیوای خواست هه‌وڵی جددی بدرێت تا توندوتیژی سێكسی له‌جیهان رابگرن.

وتیشی: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ى به‌رگریكارانى مافی مرۆڤ له‌وێ بوون كه‌ داكۆكییان له‌ توندوتیژیی سێكسی ده‌كرد و رێیان پێده‌گرت، كاری باشیان كردووه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌وڵاتێكى وه‌ك كۆنگۆ و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ى ئه‌فریقا به‌هۆی نه‌بوونى یاساوه‌ توندوتیژی سێكسی سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاد له‌ چوار ملیۆن كه‌س ئاواره‌ن و شه‌ش ملیۆن كه‌سی دیكه‌ش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ ژماره‌ی هه‌موویان ده‌كاته‌ كۆی دانیشتوانی وڵاتێكی وه‌ك دانیمارك.

مۆكویگ رایگه‌یاند: ئه‌م تراژیدییا مرۆییه‌ به‌رده‌وامده‌بێت گه‌ر تاوانبارانی ئه‌و توندوتیژییه‌ نه‌گیرێن و پارێزبه‌ندییان لێ نه‌سه‌نرێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ناوى خه‌ڵكی كۆنگۆوه‌ ئه‌م خه‌ڵاتی ئاشتییه‌ په‌سه‌ندده‌كه‌م و وه‌ریده‌گرم.

وتیشی: "ئه‌و مۆبایله‌ى ئێوه‌ به‌كاریدێنن، چه‌ند كانزایه‌كى ناوى له‌وڵاته‌كه‌ى منه‌وه‌ به‌رهه‌مهاتووه‌ و ئه‌و خشڵانه‌ی ئێوه‌ ده‌یپۆشن، زێڕ و گه‌وهه‌ر و مه‌رجانى كۆنگۆیه‌ كه‌ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ى به‌ده‌ست هه‌ژاری و برسێتییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن".

ئا: ئارام غه‌فور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure