"هیچ یاسایەك نییە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ماڵانەی باران زیانی پێگەیاندوون"

هەواڵ / کوردستان :: 11/12/2018‌ :: 282‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت: هیچ یاسایەك نییە تاوەكو حكومەت ناچار بكات بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ماڵانەی كە بەهۆی بارانی هەفتەی رابردوو لەهەولێر زیانیان پێگەیشت، راشیگەیاند: لەوانەیە حكومەت هاوكاری ماددییان بكات.

بەهۆی بارانی بەلێزمەی هەفتەی رابردوو، لە گەڕەکەكانی شادی و بەهاری نوێ و تۆپزاوەی ئەحمەدی و باداوە و تەیراوە و چەند شوێنێكی كەسنەزان، لافاو دروستبوو، بەوهۆیەوە زیاتر لە 150 ماڵ زیانیان پێگەیشتووە و داوای قەرەبووكردنەوە لە حكومەت دەكەن.

ئەحمەد عەبدوڵا، دانیشتووی گەڕەكی تۆپزاوەی ئەحمەدی بە دواڕۆژی راگەیاند: لەماوەی 10 رۆژدا، دوو جار ماڵی ئێمە و 20 ماڵی دیكەی گەڕەكەکە ژێر ئاو كەوتووە و زیانێكی زۆری ماددیمان بەركەوتووە و داواكارین حكومەت قەرەبوومان بكاتەوە، چونكە ئەو كێشەیە بەهۆی ئەوەیە كە ئەو گەڕەكە ئاوەڕۆی نییە.

لەبارەی قەرەبووكردنەوەی ئەو هاوڵاتییانەی هەولێر، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بۆ دواڕۆژ وتی: "زیانەكانی لافاوەكەی هەفتەی رابردوو بەو شێوەیە نییە كە باسدەكرێت، واتە زیانەكە زۆر گەورە نەبووە، هەروەها هیچ یاسایەكیش نییە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی بەهۆی باران یاخود رووداوە سروشتییەكانەوە زەرەر مەند دەبن".

پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەوەشكرد: هەندێك جار حكومەت هاوكاری دارایی ئەو ماڵانە دەكات كە زیانیان پێگەیشتووە، بۆیەوە دوای خەمڵاندنی لەلایەن شارەوانییەكانی هەولێرەوە، لەوانەیە لەلایەن حكومەتەوە هاوكاری دارایی بكرێن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure