داوای خۆیەكلایی كردنەوە لە كۆمەڵی ئیسلامی دەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 09/12/2018‌ :: 79‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردە و پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی داوا لە حیزبەكەیان دەكەن بۆ بەشداری یان بەشدارینەكردن لە كابینەی نوێی حکومەت، خۆی یەكلایی بكاتەوە.


فاروق عەلی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: چاوەڕوانی كۆمەڵ بۆ بەشداری لە حكومەت یان ئۆپۆزسیۆنبوون ئەوە بوو نایەوێت بێ بەرچاوڕوونی بڕیار بدات، هەرچەندە ئێستا دیارە كێ سەرۆك وەزیرانە، بەڵام تائێستا نازانرێت بەرنامەی حكومەتی نوێ چۆن دەبێت؟ ئایا هەمانشێوەی حكومەتی پێشووە، یان پلان و بەرنامەی بۆ قەیرانەكان هەیە؟

وتیشی: "لەڕاستیدا منیش پێم باشە كۆمەڵ كۆبوونەوە بكات و بڕیاری كۆتایی بدات، چونكە پێویست ناكات چیتر چاوەڕێ بكات و هەقە هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت".

سەبارەت بەوەی بۆ هەڵوێستیان، چاوەڕێی شاندی پارتی دەكەن یان پێشتر كۆدەبنەوە، سەركردەكەی كۆمەڵ روونیكردەوە: پێموانییە چاوەڕێی پارتی بین، بەڵكو سەیرمان كردووە بزانین چۆن حكومەتێك پێكدێت، ئایا لایەنێك یان دوو لایەن دەبنە خاوەنی، ئایا مرۆڤ تیایدا سەنتەر دەبێت یان حیزب و حكومەت جێبەجێی دەكات، ئایا لایەنەكان بە شەراكەت دەبن یان تەنها پشكیان دەبێت".

هاوکات، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان لە فەیسبوكی  خۆی نووسیویەتی: كۆمەڵ هەر لەسەرەتاوە زانیویەتی لەكابینەی ئایندەدا بەشداری پێناكرێ، بۆیە ناكرێ پاش ئاشكراكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران لەلایەن پارتی و دەستپێكردنەوەی گەڕی دووەمی دانوستانەكان هێشتا چاوەڕوانی چوونەناو حكومەت بێت.

سۆران عومەر ئاماژەی بەوەكردووە: بەشداری پێكردنی ئەمجارەی لایەنەكان لە دەرەوەی یەكێتی و پارتی بەمەرجی بێدەنگییە لەپەرلەمان و میدیاو چالاكی مەدەنی، بۆیە پێویستە كۆمەڵی ئیسلامی خۆی یەكلایی بكاتەوەو ڕای بگەیەنێت ئۆپۆزسیۆنی گەندەڵی و دزی و ستەمكاری و پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤەو پشتیوانی چاكسازی و بەرەنگاربونەوەی نادادی و گەندەڵییە.

كۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان 7 كورسی بەدەستهێناوە، لە گەڕی یەكەمی دانوستان، پارتی سەردانی نەكرد. بڕیارە لەم هەفتەیەدا پارتی سەردانی یەكێتی و گۆڕان بكاتەوە، بەڵام دیار نییە سەردانی كۆمەڵ دەكەن یان نا.

پێداچوونەوە: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure