زیادەڕۆییكردن بۆ سەر موڵكی گشتی لەهەڵكشاندایە

هەواڵ / کوردستان :: 09/12/2018‌ :: 519‌ جار بینراوە

تاگ :: داد

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
سه‌رۆكى داواكارى گشتى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: ساڵانه‌ رێژه‌ى تۆماركردنى سكاڵا له‌سه‌ر زێده‌ڕۆییه‌كان تۆمارده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كاره‌كه‌ى داواكارى گشتى قورسكردووه‌ ئه‌وەیە كه‌ 15 هه‌زار كه‌س زیاده‌ڕۆییان كردبوو، به‌شێكیان به‌ر لێبوردنی گشتی كه‌وتوون.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 9ى كانوونى یه‌كه‌م، سه‌رۆكایه‌تى داواكارى گشتى هه‌رێم له‌ هه‌ولێر، پانێڵێكى بۆ شێواز و چۆنێتى كاركردنى داواكارى گشتى به‌ڕێوه‌برد كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ رۆژى جیهانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى.

له‌ وتارێكدا حاكم ئازاد خۆشناو، سه‌رۆكى داواكارى گشتى هه‌رێم رایگه‌یاند: هه‌رچه‌نده‌ وه‌كو داواكارى گشتى هه‌رێم گه‌لێك كارى باشمان كردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى یاساى داواكارى گشتى ناتوانرێت وه‌كو پێویست كاربكرێت، بۆیه‌ ده‌بێت له‌ خولى داهاتوو په‌رله‌مان یاساى داواكارى گشتى هه‌رێم هه‌موار بكاته‌وه‌، چونكه‌ یاساكه‌ى ئێستا به‌هێز نییه‌.

له‌باره‌ى رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ هه‌رێم، حاكم ئازاد خۆشناو، وتى: "ئێمه‌ رووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵى بووینه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ و ده‌سته‌ى ده‌سپاكى دوو پڕۆتۆكۆلمان واژۆ كردووه‌ بۆ رووبه‌ڕوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، هه‌روه‌ها چاودێرى كاره‌كانمان كردووه‌و پارێزگاریمان كردووه‌ له‌ سامانى وڵات، له‌هه‌مانكاتدا به‌دواداچوونێكمان كردووه‌و به‌شداریمان كردووه‌ بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى دادگایكردنى تۆمه‌تباران".

سه‌رۆكى داواكارى گشتى هه‌رێم، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: چه‌ندینجار داوامانكردووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى زیاده‌ڕۆییان كردووه‌ته‌ سه‌ر موڵكى گشتى به‌ر لێبوردنى گشتى نه‌كه‌ون، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ 15 هه‌زار كه‌س كه‌ زیاده‌ڕۆییان كردووه‌، به‌شێكیان به‌ لێبووردنی گشتی ئازادكراون.

راشیگه‌یاند: ساڵانه‌ رێژه‌ى تۆماركردنى سكاڵا به‌رزده‌بێته‌وه‌، له‌ 2016 زیاتر له‌ 900 سكاڵا هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ 2017 رێژه‌كه‌ بۆ 2200 سكاڵا زیادیكردووه‌و له‌ 2018ش رێژه‌كه‌ زۆر زیادیكردووه‌".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure