هیچ واده‌یه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ى پارتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان دیارینه‌كراوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 09/12/2018‌ :: 254‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
سبه‌ى دووشه‌ممه‌ شاندى دانوستانكارى پارتى له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ كاندیدانى حزبەکەیان بۆ پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌ت و سەرۆکی هه‌رێم  كۆده‌بنه‌وه‌ و تاوه‌كو ئێستاش هیچ واده‌یه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ى پارتى له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌كێتیى دیارینه‌كراوه‌.


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: پێنجشه‌ممه‌ى ڕابردوو شاندى دانوستانكارى پارتى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نێوخۆیان ئه‌نجامداوه‌و وابڕیاریشه‌ سبه‌ى دووشه‌ممه‌ 10ى كانونى یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى له‌باره‌ى به‌رنامه‌ى سه‌ردانیكردنى پارتى بۆ لاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆببنه‌وه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: تاوه‌كو ئێستا واده‌ى سه‌ردانیكردنى شاندى پارتى بۆ لاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كێتیى دیارینه‌كراوه‌ و له‌ دانیشتنى سبه‌ى بڕیارى له‌سه‌رده‌درێت، به‌ڵام پێده‌چێت بكه‌وێته‌ ڕۆژى سێشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه‌.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ى دووشه‌ممه‌دا بۆچوونى سه‌رۆكى حكومه‌تى راسپێردراوى پارتى و كاندیدى پارتى بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام له‌ گه‌ڕى یه‌كه‌مى كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌وان به‌شدارى گفتوگۆكان ناكه‌ن.

یه‌كشه‌ممه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردوو، ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى هه‌ریه‌ك له‌ مه‌سرور بارزانى بۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت و نێچیرڤان بارزانیان بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم كاندیدكرد و لیژنه‌یه‌كى شه‌ش كه‌سیشیان بۆ گفتوگۆ و سه‌ردانى لایه‌نه‌كان دروستكرد.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure