بۆچی یاسای سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌كانى هه‌رێم جێبه‌جێناكرێت؟

هەواڵ / ئابوری :: 09/12/2018‌ :: 336‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی عیسا عه‌بدولقه‌هار
ماوه‌ى چوار ساڵه‌ سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌كان له‌ هه‌رێم دانه‌مه‌زراوه‌ و سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتووش ده‌ڵێت: "تۆڕى گه‌وره‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى كوردستان رێگه‌نادات ئه‌و سندوقه‌ گرنگه‌ جێبه‌جێبكرێت".


ساڵى 2015 په‌رله‌مانى كوردستان یاساى سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌كانى ده‌ركردوه‌ و به‌پێى یاساكه‌ش ده‌بوو له‌ ماوه‌ى 90 رۆژدا حكومه‌تى هه‌رێم یاساكه‌ جێبه‌جێ بكات دامه‌زراوه‌یه‌كى نوێى بۆ پێكبهێنێت، تا مانگانه‌ پاره‌ى فرۆشتنى نه‌وت و سه‌رجه‌م داهاته‌كانى دیكه‌ى سروشتى هه‌رێم له‌و سندوقه‌ دابنرێت و دواتر بۆ مووچه‌ و بژێوى ژیانى هاووڵاتیان خه‌رجبكرێته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا یاساكه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

شێركۆ جه‌ودەت، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: چه‌ند رێگرییه‌كى گه‌وره‌ هه‌یه‌ كه‌ رێگه‌نادات ئه‌و یاسایه‌ جێبه‌جێبكرێت، له‌وانه‌؛ ململانێى حیزبى بۆ ده‌ستگرتن بۆ سه‌ر كه‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان. دووەم؛ ئاستى به‌رزى گه‌نده‌ڵى كه‌ تۆڕى گه‌وره‌ و به‌هێز له‌ ناوخۆى كوردستانن و په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌ره‌وه‌ى كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى رێگرن له‌ دامه‌زراندنى سندوقه‌كه‌، رێگریشن له‌وه‌ى وربینى له‌ داهاتى نه‌وت و گاز بكرێت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندى هاووڵاتیان به‌كاربهێنرێت.

وتیشى: "به‌ دامه‌زراندنى ئه‌و ده‌زگایه‌ و دانانى سندوقه‌كه‌، رێگرى گه‌وره‌ ده‌كرێت له‌وه‌ پاره‌ى نه‌وت و سامانه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێم به‌هه‌ده‌ر بڕوات و گه‌نده‌ڵى تیابكرێت، چونكه‌ له‌ خولى رابردوودا یاساكه‌مان بۆ دامه‌زراند و له‌و خوله‌شدا فشارى زۆر گه‌وره‌ دروستده‌كه‌ین بۆ دامه‌زاندنى ده‌زگاكه‌ و جێه‌به‌جێكردنى یاساكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌رچووه‌".

فشاره‌كان بۆ جێبه‌جێكردنى یاساكه‌ له‌ خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان و كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم چڕكراونه‌ته‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ى نێوان شاندى حكومه‌ت و فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان، تاوتوێى پرسى دانانى سندوقه‌كه‌ و ده‌زگاكه‌ى به‌وردى گفتوگۆ كراوه‌.

هاوكات عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌ماندا له‌گه‌ڵ سكرتێر و سه‌رۆك دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وته‌بێژى حكومه‌ت، پێمانڕاگه‌یاندوون ده‌بێت په‌له‌ بكرێت له‌ دامه‌زراندنى سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌كانى هه‌رێم، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و سندوقه‌ له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ چاكسازییه‌كانى دیكه‌ له‌ كه‌رتى نه‌وت و سامانه‌ سروشتییه‌كانى هه‌رێم نه‌كرێت، زۆر زه‌حمه‌ته‌ حكومه‌تى داهاتوو بتوانێت به‌رده‌وام بێت.

له‌باره‌ى وه‌ڵامى حكومه‌ت بۆ داواكارییه‌كانى فراكسیۆنه‌كان، وتى: "ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بوون چاكسازى بكرێت و یاسای سندوقه‌كه‌ و پڕۆژه‌ یاساكانى دیكه‌ جێبه‌جێبكرێت، له‌وانه‌ پڕۆژه‌ یاساى چاكسازى له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و ئیمیتازه‌كانى دیكه‌ و پڕۆژه‌ یاساى مافى نه‌خۆش".

به‌وته‌ى پسپۆڕانى ئابووریش به‌هۆى جێبه‌جێنه‌كردنى یاساى داهاته‌ نه‌وتییه‌كان، كه‌رتى نه‌وت و سامانه‌ سروشتییه‌كانى هه‌رێم "گومانى گه‌وره‌ى" له‌سه‌ر حكومه‌ت دروستكردووه‌، چونكه‌ له‌ئێستادا مانگانه‌ ته‌نیا 317 ملیار دینارى داهاتى نه‌وت ده‌درێته‌ وه‌زاره‌تى دارایى.

وردبینیه‌كانى "دیلۆت" گۆمانه‌كانى زیاتر كردووه‌

عه‌بدوڵا نه‌جات، پسپۆڕى ئابوورى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: جگه‌ له‌وه‌ى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروستییه‌كانى هه‌رێم ئاماده‌نییه‌ مانگانه‌ داهاتى فرۆشتنى نه‌وت بڵاوبكاته‌وه‌، هاوكات نازانرێت هه‌رێم نه‌وت به‌ چ وڵاتێك و به‌چه‌ند ده‌فرۆشێت؟

وتیشى: "هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى دیلۆت رێككه‌وتنى كردووه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى داهاتى نه‌وتى هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نه‌ك گومانه‌كانى نه‌ڕەواندۆته‌وه‌ به‌ڵكو گومانه‌كانى زیاتر كردووه‌".

له‌باره‌ى جێبه‌جێنه‌كردنى یاساى داهاته‌ نه‌وتییه‌كانى هه‌رێم، دواڕۆژ په‌یوه‌ندى به‌ به‌رپرسانى حكومه‌تى هه‌رێم و دیوانى چاودێرى داراییه‌وه‌ كرد، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوون لێدوان بده‌ن.
 
پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure