وێنه‌: زیانه‌كانى لافاو له‌ ده‌ربه‌ندیخان

هەواڵ / کوردستان :: 08/12/2018‌ :: 652‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
به‌هۆى باران بارینى به‌خوڕ و لافاوه‌وه‌ له‌ سنوورى ده‌ربه‌ندیخان چه‌ندین رێگا و شه‌قام داڕوخاووه‌ و هاتووچۆ تێیاندا سه‌خت بووه‌ و كۆمپانیایه‌ك به‌ ته‌واوى ئاو بردوویه‌تى قایمقامى ناوچه‌كه‌ش ده‌ڵێت: "زیانى مادى زۆر كه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هیچ زیانێكى گیانى نه‌بووه‌". 

شه‌وى رابردوو تا به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 8ى كانونى یه‌كه‌م بارانێكى به‌ خوڕ شارۆچكه‌ى ده‌ربه‌ندیخان و ناوچه‌كانى ده‌وربه‌رى گرته‌وه‌ و بووه‌ هۆى دروستبوونى لافاو.

ناسیح حه‌سه‌ن، قایمقامى ده‌ربه‌ندیخان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى لافاوه‌وه‌ هه‌ندێك ناوچه‌ و رێگاوبان زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ و له‌ ئێستادا تیمه‌كان سه‌رقاڵى چاككردنه‌وه‌ن. 

وتیشى: "كۆمپانیایه‌كى تایبه‌ت به‌ دروستكردنى رێگاى ده‌ربه‌ندیخان - كه‌لار كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیك رووبارى سیروان، لافاو ته‌واوى كه‌ره‌سته‌كانى بردوه‌ و زیانى زۆرى به‌ركه‌وتووه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین كارگه‌ى چه‌و و لم و غه‌ساله‌كان و كێڵگه‌ى كشتوكاڵى و په‌له‌وه‌ر و حه‌وزى ماسى زیانیان پێگه‌یشتووه‌. 

ناسیح حه‌سه‌ن ئاماژه‌شى به‌وه‌دا: به‌هۆى روخانى پردى ده‌ره‌دۆین رێگاى سه‌ره‌كى ده‌ربه‌ندیخان - كه‌لار داخراوه‌ و هه‌روه‌ها ناوچه‌ى شه‌مێران و تاوه‌گۆزى و زۆر گوند و لادێى دیكه‌ به‌هۆى داڕوخانه‌وه‌ هاتووچۆكردن تێیاندا سه‌خت بووه‌ و له‌ناو شاریش هه‌ندێ زیانى دیكه‌ی ماددى هه‌بووه‌. 

قایمقامى ده‌ربه‌ندیخان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: به‌هۆى قوڕاوى بوونى ئاویشه‌وه‌، گرفت بۆ ئاوى ماڵان دروستبووه‌، به‌ڵام له‌ حه‌وزه‌كان ئاو ده‌هێڵنه‌وه‌ تا كه‌مێك روونبێته‌وه‌ و دواتر دابه‌شیده‌كه‌ن به‌سه‌ر ماڵاندا، چونكه‌ ناچارن و هاووڵاتیانیش دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ راسته‌ ئاوه‌كه‌ ناڕوونه‌ به‌ڵام پیس نیه‌. 

هه‌ر به‌هۆى باران بارینى زۆره‌وه‌ ئه‌مڕۆ له‌ سنوورى ده‌ربه‌ندیخان بۆ قوتابخانه‌كانى بنه‌ڕه‌تى پشوو فه‌رمیه‌. 

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure