سەركردەیەكی پارتی: یەكێتی خاوەنی خەباتن و هێزیان هەیە

هەواڵ / کوردستان :: 08/12/2018‌ :: 1011‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت: هەر حیزبێك بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بكات مانای وایە شەراكەتی كردووە و دەبێت بەرپرسیارێتیش هەڵبگرێت، دەشڵیت: "راستە یەكێتی كورسی كەمترە، بەڵام خاوەنی خەباتن و هێزیان هەیە".


ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوە و سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەر لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم شەراكەت نەبێت، بەرپرسیارێتی هەڵناگرن.

نوری حەمەعەلی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: هەر حیزبێك بەشداری حكومەتی نوێی هەرێم بكات مانای شەراكەتە و ئەگەر مەبەستیشیان پەنجا بە پەنجا بێت، ئەوە بەسەرچووە.

دەربارەی ئەوەی پارتی ئامادە نییە پەنجا بە پەنجا قبوڵ بكات، نوری حەمەعەلی وتی: "ئەوانیش قبوڵیان نییە، ئەگەر حكومەت پەنجا بە پەنجا بێت كەواتە بۆچی هەڵبژاردن بكرێت، هەر حیزبێك بەپێی كورسییەكانی و خەبات و تێكۆشانیان بەشداری دەكەن، راستە یەكێتی كورسی كەمترە، بەڵام خاوەنی خەباتن و هێزیان هەیە".

سەركردەكەی پارتی وتیشی: "ئەگەر یەكێتی بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت، چۆن دێتە ناو حكومەت؟ بۆیە هەر هێزێك هاتە نێو حكومەت دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، ئەگەر كەسی بەهێزیشیان نەهێننە نێو حكومەت، مانای وایە نایانەوێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرن".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure