نۆ كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسی ئایدزه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/12/2018‌ :: 591‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
له‌ 32 ساڵی رابردوودا لە هه‌رێمی كوردستان، 32 حاڵه‌تی هەڵگری ڤایرۆسی کەمی بەرگری لەش (ئایدز - HIV) تۆماركراون، به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش ده‌ڵێت: "تائێستا نۆ كه‌س به‌هۆی ئایدزەوە له‌ هه‌رێم گیانیان له‌ده‌ستداوه‌".


ساڵانه‌ 1ی كانوونی یه‌كه‌م دیاریكراوه‌ بۆ رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز و به‌ دەرفەتێکی گرنگ داده‌نرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و یەکخستنی هەوڵەکانی دەزگا پەیوەندارەکان و خستنەڕووی هاوکاری و پاڵپشتی بۆ توشبووانی نەخۆشی ئایدز لەسەر ئاستی جیهان.

به‌پێی ئاماره‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، 36.9 ملیۆن هەڵگری ڤایرۆسی کەمی بەرگری لەش هەیە و ئه‌و ڤایرۆسه‌ ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەکوژێت و نزیکەی دوو ملیۆنی تریش وەک توشبووی نوێ دەکاتە قوربانی.

هەرچەندە تائێستا چارەسەری کۆتایی بۆ ئەو نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام زانایان چەند جۆرە دەرمانێکی دژە ئەیدزیان دروستکردووە کە کاریگەرن و دەتوانێت بە تەواوی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکە بکات. دەرفەتیش بە توشبوو دەدات تا ژیانێکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی تر بەسەر بەرێت، ئەمەش دەسکەوتێکی پزیشکی گه‌وره‌یه‌ کە ژیانی ملیۆنان توشبووی ئایدزی ڕزگارکردووه‌.

خالس قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: بەکارهێنانی دەرمان رێژەی مردنی لە 36%ی کەمکردۆتەوە و هۆکاری کەمبونەوەی لە 36%ی توشبووی نوێشە، چونکە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێشگیری و خۆپارێزی لە نەخۆشی ئایدز.

به‌راورد به‌ وڵاتانی جیهان، رێژه‌ی تووشبووان بە ئایدز لە هەرێم له‌ ئاستێكی زۆر كه‌مدایه‌، لەو بارەیەوە به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌ڵێت: "لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ شەش حاڵەتی نوێی نەخۆشیەکە تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی توشبووانی ئایدز لە هەرێم (لە ساڵی 1986 تا کۆتایی 2018)  بریتییه‌ له‌ 32 حاڵەت،  نۆ لەو حاڵەتانەش لە رەگەزی مێینەن و 23 کەسیان نێرینەن".

هاوكات د. ئیبراهیم مه‌عروف، پسپۆڕی نه‌خۆشیه‌ گوێزراوەکان به‌دواڕۆژی وت: "ئه‌وانه‌ی تووشی ڤایرۆسی ئایدز بوون هەموویان لە ژێر چاودێری پزیشکی خۆپارێزین لە هۆبەکانی کۆنتڕۆڵی نەخۆشی ئایدز لە هەرێمی کوردستان، پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیاریان پێ دەدرێت".

به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم، ساڵانە زیاتر لە 350 هەزار پشکنینی ڤایرۆسی ئایدز لە هەرێم ئەنجامدەدرێت و ئه‌و بیانیانه‌شی دێنه‌ ناو هه‌رێمی كوردستان پشكنینیان بۆ ئه‌نجامده‌درێت.

د. ئیبراهیم مه‌عروف ده‌شڵێت: "هەموو بیانیەکان کە دێنە هەرێم پشکنینیان بۆ ئه‌نجام ده‌درێت و هەموو بوتڵێکی خوێنیش پشکنینی بۆ ده‌كرێت و ئەوانەی تازە ژیانی هاوسەری پێکدێنن، کرێکاری شوێنە گەشتیاریەکان، بەندکراوەکان، نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و نەخۆشی سیل و هەوکردنی جگەر و ئەوانەی نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامدەدرێت، هەموویان پشکنیان بۆ ئەنجامدەدرێت لە چوارچێوەی پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵی نەخۆشی ئایدز لە هەرێم، جگە لەم پشکنیانە، چالاکی هۆشیاری و دابینکردنی دەرمان و ئامێر و پێویستی پشکنین لەخۆدەگرێت ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌ پێناو رێگریكردنه‌ له‌و ڤایرۆسه‌ مه‌ترسیداره‌ و تائێستا هه‌رێمی كوردستان له‌و رووه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنێكی باشی به‌ده‌ست ھێناوه‌".
  
سه‌باره‌ت به‌ هه‌بوونی تووشبووی ڤایرۆسی ئایدز له‌ناو خه‌ڵكی بیانی كه‌ دانیشتووی هه‌رێمی كوردستانن، خالس قادر ئاشكرایكرد: لەم ساڵدا لەئەنجامی پشکنینی بیانییەکان 23 حاڵەتی نەخۆشیەکە دۆزراوەتەوە و دوای لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌رجه‌میان رەوانەی وڵاتانی خۆیان کراونەتەوە و له‌ سنوره‌كان و فرۆكه‌خانه‌كانیش پشکنینی هه‌موو كه‌سێك ده‌كرێت كه‌ دێنه‌ ناو هه‌رێمی كوردستان. 

پسپۆڕه‌كه‌ی بواری نه‌خۆشیه‌ گوێزراوەکان روونیشیكرده‌وه‌: بۆ دورکەوتنەوە له‌ ڕەفتارە مەترسیدارەکانی وەک کاری سێکسی لەدەرەوەی ژیانی هاوسەری، دوورکەوتنەوە لە تاتووکردن، بەکارنەهێنانی دەرزی و سرنجی بەکارهاتوو و دوورکەوتنەوە لە ماددە هۆشبەرەکان، ئه‌مانه‌ هه‌مووی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ زۆر گرنگه‌ كه‌ تووشی ئه‌و ڤایرۆسه‌ نه‌بوون و پێویسته‌ ئه‌م هۆشیارییه‌ بگاته‌ هه‌موو خێزانێك، چونكه‌ هۆشیاری و ناسینی نەخۆشی ئایدز و ئاشنابوون بە ڕێگاکانی گوازتنەوە و خۆپاراستن لێی، بەهێزترین چەکی خۆپارێزی و بەرەنگاربونەوەی نەخۆشیەکەیە.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ساڵانه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بڕی چه‌ند بودجه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی ئایدز ته‌رخان ده‌كات، خالس قادر وتی: "هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی دیاریكراو ساڵانه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئایدز دیارینه‌كراوه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌كرێت ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی له‌ به‌غدا دێت و لای خۆشییه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بڕێكی زۆری ده‌رمان ده‌كڕێت".

پێداچوونەوە: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە