به‌هۆى بارانبارینه‌وه‌ ده‌وامى قوتابخانه‌كانى ده‌ربه‌ندیخان راگیرا

هەواڵ / کوردستان :: 07/12/2018‌ :: 15086‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن و هۆگر كه‌مال

به‌هۆى ئه‌و شه‌پۆله‌ بارانبارینه‌ى كه‌ ماوه‌ى سێ رۆژه‌ رووى له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ له‌ به‌شێكى زۆر له‌ ناوچه‌كان لافاو دروستبووه‌، قایمقامى  قەزای ده‌ربه‌ندیخان-یش ده‌ڵێت :"له‌پێناو پاراستنى گیانى قوتابیەکانمان بڕیارماندا سبه‌ى بكه‌ینه‌ پشوو".

ناسیح حه‌سه‌ن، قایمقامى ده‌ربه‌ندیخان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند :"به‌ وتوێژ له‌گه‌ڵ كه‌شناسى هه‌رێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سبه‌ى شه‌پۆلێكى بارانبارینى توند هاوشێوه‌ى شه‌پۆله‌كه‌ى ئه‌مڕۆ ناوچه‌كه‌مان ده‌گرێته‌وه‌، بڕیارماندا سبه‌ى له‌ سنورى په‌روه‌رده‌ى ده‌ربه‌ندیخان بۆ قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان ده‌وامنه‌بێت و پشووى ره‌سمى بێت".

وتیشى :"ئه‌م بڕیاره‌ له‌ثێناو پاراستنى گیانى قوتابیاندایه‌، چونكه‌ بارانبارین و لافاو قه‌زاكه‌مانى گرتووه‌ته‌وه‌".

قایمقامى ده‌ربه‌ندیخان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو :"شه‌پۆله‌كه‌ى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ زیانى به‌ به‌شێك له‌ رێگاوبانه‌كانى سنورى ده‌ربه‌ندیخان گه‌یاندووه‌".

هاوكات دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بە دواڕۆژی وت :"بەهۆی زۆری بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە هەندێک ناوچە و روخانی بەشێک لە پردەکان بۆ سەلامەتی گیانی قوتابیان و خوێندکاران، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکانمان سەرپشککردوە بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقام دەوام رابگرن یان بەردەوام بن لە خوێندن".

لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی 12 پەروەردەی قەزاکان هەیە.

سێ رۆژە شەپۆلێکی چڕی باران بارینی بەخوڕ ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە و لە بەشێکی ناوچەکانیش لافاو دروستبووە و باراناو کۆبۆتەوە و بەشێک لە پردی نێوان شارەکانیش رووخاون و ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاوڵاتیان دروستبووە.

پ: ئاهه‌نگ حسێن









created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure