به‌ بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق خاڵه‌ گومرگییه‌كانی هەرێم دانرانه‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 07/12/2018‌ :: 15923‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
دوای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا بڕیاردرا خاڵه‌ گومرگییه‌كانی نێوان هه‌رێم و عێراق هه‌ڵبگیرێن و بڕیاره‌كه‌ش جێبه‌جێكرا، به‌ڵام حكومه‌تی عێراقی بڕیاره‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و جارێكی تر خاڵه‌ گومرگییه‌كانی داناوه‌ته‌وه‌.

ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگی هه‌رێم له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ئه‌مڕۆ هه‌ینی 7ی كانوونی یه‌كه‌م به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند :"هه‌فته‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق-ی گه‌یشتینه‌ رێككه‌وتن بۆ هه‌ڵگرتنی خاڵه‌ گومرگییه‌كانی نێوان پارێزگاكانی موسڵ- دهۆك، كه‌ركوك - هه‌ولێر و سلێمانى، له‌گه‌ڵ رێككه‌وتنه‌كه‌ش حكومه‌تی عێراقی كارمه‌ندانی ئه‌و خاڵه‌ گومرگییانه‌ی گواسته‌وه‌ له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ناوخۆی عێراق". 

وتیشی: "به‌ڵام دوو رۆژه‌ جارێكی تر ئه‌و خاڵه‌ گومرگیانه‌ به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق داندراونه‌ته‌وه‌، رۆژانه‌ پاره‌ له‌ بازرگانان وه‌رده‌گرن، كه‌ به‌ پێی ده‌ستووری عێراقی نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خاڵی گومرگی له‌ نێوان پارێزگاكانی یه‌ك وڵاتدا هه‌بێت". 
  
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد :"ئه‌و خاڵه‌ گومرگیانه‌ی له‌ نێوان ئه‌و پارێزگایانه‌دا به‌ نایاسایی داندراون و بۆته‌ هۆكارى دروستبوونی كێشه‌یه‌كی زۆر بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ نێوان شاره‌كانی هه‌رێم و عێراق-دا". 
 
ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو :"فشاره‌كانیان بۆ هه‌ڵگرتنی ئه‌م خاڵه‌ گومرگیانه‌ به‌رده‌وامده‌بێت، نوێنه‌رانی كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق و وه‌زیره‌كان له‌ گفتوگۆدان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌".  
پ: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure