لافاو چه‌ند گوندێك ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 07/12/2018‌ :: 319‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی كه‌ڵه‌ك رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌هۆی زۆری بارانبارینه‌وه‌ له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 7ى كانونى یه‌كه‌م، ئاستی ئاوی زێی كه‌ڵه‌ك زیادیكردووه‌، له‌ كاته‌كانی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆشدا ئاو چۆته‌ ناو چه‌ند گوندێك. 


بڕوا محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی كه‌ڵه‌ك به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند :"له‌ ئێستادا بارانێكی به‌لێزمه‌ سنووره‌كه‌ی گرتۆته‌وه‌، له‌ به‌ر مه‌ترسی له‌سه‌ر گیانی گوندنشینان تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی و پۆلیس و ئاسایش خراونه‌ته‌ حه‌ڵه‌تی ئاماده‌باشی بۆ هه‌ر رووداوێكی نه‌خوازراو". 

وتیشی:"به‌هۆی زۆری بارانبارینه‌وه‌ ئاستی ئاوی زێی كه‌ڵه‌ك به‌رزبۆته‌وه‌، له‌كاته‌كانی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆوه‌ ئاو چۆته‌ ناو چه‌ند گوندێك، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه‌". 
 
هاوكات له‌ ژماره‌یه‌ك گوندی تر له‌ نزیك هه‌ولێر به‌هۆی بارانبارینه‌وه‌ ئاستى ئاو به‌رزبۆته‌وه‌، ژیانی گوند نشینانی خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. 

له‌وباره‌یه‌وه‌ بێوار زه‌ید، وته‌بێژی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند :"تیمه‌كانمان چوونه‌ته‌ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ئاو به‌رزبۆته‌وه‌، ئه‌مڕۆش گیانی كه‌سێكمان له‌ مه‌ترسی زرگاركردووه‌ كه‌ خۆی و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ئاو بردبووی له‌ شه‌قامی كۆڕنیش". 

هه‌روه‌ها به‌هۆی بارانبارینه‌وه‌ ئاو چۆته‌ ناو گوندی تۆپزاوە ئەحمەدی، بەهۆی لافاوه‌وه‌ رێگای كۆمەڵگای هیران ستی و ئاوێنەی شار گیراوە كە زیاتر لە هەزار و 250  ماڵ دەبن و دەكەوێتە نێوان بنەسڵاوە و دارەتوو، به‌ڵام تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی و پۆلیسی فریاكه‌وتن له‌  شوێنی لافاوه‌كانن. 
پ: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure