رێككه‌وتنى وڵاتانى ئۆپیك نرخى نه‌وتى به‌رزكرده‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 07/12/2018‌ :: 2326‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 7ى كانونى یه‌كه‌م، وڵاتانى رێكخراوى وڵاته‌ هه‌نارده‌كه‌ره‌كانى نه‌وت (ئۆپیك) رێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى رێژه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ نرخى نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى.


ئێواره‌ى ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ كۆبوونه‌وه‌ى وڵاتانى ئه‌ندام له‌ رێكخراوى وڵاته‌ هه‌نارده‌كه‌ره‌كانى نه‌وت ناسراو به‌ (ئۆپیك) له‌ ڤیه‌ننا ده‌ستى پێكرد، ئه‌مڕۆش بۆ رۆژى دووه‌م ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وامبوو له‌ كۆتایشدا بڕیارى كه‌مبوونه‌وه‌ى بڕى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت درا.

هه‌رچه‌نده‌ ئۆپیك به‌ فه‌رمى بڵاوینه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئۆپیك بڕیارى كه‌مكردنه‌وه‌ى بڕى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى داوه‌ به‌ ڕێژه‌ى یه‌ك ملیۆن و 200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا. 

ئاژانسى هه‌واڵى رۆیته‌رز له‌ سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ ئۆپیك رایگه‌یاندووه‌ :"ئێران گڵۆپى سه‌وزى بۆ وڵاتانى ئۆپیك هه‌ڵكردووه‌ كه‌ رێژه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وت كه‌مبكه‌نه‌وه‌ بۆ 0.8 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ له‌ ساڵى 2019 دا".

هاوكات له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌ى ئۆپیك نرخى نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانى جیهان به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى و نرخى یه‌ك به‌رمیل نه‌وتى خاوى برینت گه‌یشه‌ 62 دۆلار.

ئا: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure