"له‌ چه‌ند رۆژى داهاتودا كابینه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى ته‌واو ده‌بێت"

هەواڵ / عێراق :: 07/12/2018‌ :: 352‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ
په‌رله‌مانتارێكى هاوپه‌یمانى بینا رایده‌گه‌یه‌نێت: هاوپه‌یمانییه‌كه‌مان كارده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى فراكسیۆنى یه‌كێتى نیشتمانى بباته‌ ژێر چه‌ترى خۆیه‌وه‌ و ده‌شڵێت :"هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و دۆخه‌ى ئێستا له‌ عێراق هه‌یه‌".


حسێن ئه‌لیه‌سارى، په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانى بینا ئه‌مڕۆ هه‌ینى 7ى كانونى یه‌كه‌م، له‌ لێدوانێكدا به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند :"هاوپه‌یمانیه‌كه‌مان كارده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى فراكسیۆنى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق ببیاته‌ ژێر چه‌ترى خۆیه‌وه‌".

وتیشى :"له‌ ئێستادا به‌دواى رێگه‌چاره‌یه‌كى گونجاودا ده‌گه‌ڕێین له‌نێوان كوتله‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى داد بدرێته‌ یه‌كێتى نیشتیمانى. ئه‌گه‌ر یه‌كێتى نیشتمانى كه‌ خاوه‌نى 14 په‌رله‌مانتارن بێنه‌ ریزى هاوپه‌رمانى بینا ئه‌وه‌ ژماره‌ى كورسییه‌ په‌رله‌مانییه‌كانى ئێمه‌ ده‌بێته‌ 190 كورسى، به‌مه‌ش زۆرینه‌ى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن، ته‌نیا كێشه‌ى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ناوخۆ و به‌رگرى ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ رێككه‌وتن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو :"له‌ ئێستادا هاوپه‌یمانى بینا له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ گفتوگۆكردن و دانوستان كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانى عێراق، به‌ مه‌به‌ستى تێپه‌ڕاندنى ئه‌و دۆخه‌ى كه‌ ئێستا شه‌قامى عێراقى تێیكه‌وتووه‌".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى هاوپه‌یمانى بینا  جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌ :"له‌ چه‌ند رۆژى داهاتودا له‌ناو په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگ له‌سه‌ر كاندیده‌ وزارییه‌كانى تر ده‌درێت و كابینه‌ى حكومه‌ت ته‌واوده‌بێت".
ئا: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure