هندستان هێڵكى ئاسمانى نوێ له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 07/12/2018‌ :: 195‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 7ى كانونى یه‌كه‌م، وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى عێراق رایگه‌یاند: هێڵكى نوێى ئاسمانى له‌گه‌ڵ هندستان ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌شڵێت :"مه‌به‌ست لێى په‌ره‌پێدانى كه‌رتى گه‌شتیارى ئاینى و كه‌رتى بازرگانى-یه‌".

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر زارى عه‌بدوڵا لعێبى، وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى عێراق-ه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هاتووه‌ "عه‌بدوڵا لعێبى، له‌گه‌ڵ برادیب راجبورو هیب، باڵیۆزى هندستان له‌ عێراق كۆبووه‌ته‌وه‌، له‌ میانى كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا باس له‌ كردنه‌وه‌ى هێڵێكى ئاسمانى نوێ كراوه‌ له‌ نێوان هندستان و عێراق-دا".

هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو "ده‌وڵه‌تى هندستان به‌ چواره‌م به‌هێزترین ده‌وڵه‌تى به‌هێزى ئابورى جیهان ناوده‌برێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كردنه‌وه‌ى هێڵێكى ئاسمانى نوێ به‌ مه‌به‌ستى گه‌شه‌دان به‌ كه‌رتى گه‌شتیارى ئاینى و كه‌رتى بارزگانى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ گرنگى تایبه‌تى خۆى ده‌بێت".

وه‌زیرى بازرگانى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو "كردنه‌وه‌ى هێڵه‌كه‌ ده‌رگایه‌ك ده‌بێت بۆ سه‌ردانیكردنى موسوڵمانه‌كانى هندستان بۆ شوێنه‌ پیرۆزه‌كانى عێراق، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى چه‌ندین سودى ترى ئابورى".

له‌ كۆتاى به‌یاننامه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكراوه‌ته‌وه‌ "به‌م نزیكانه‌ هێڵێكى ئاسمانى نوێ له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا ده‌كرێته‌وه‌".

ئا: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure