عێراق لە چوار ساڵی رابردوودا كورتهێنانی بودجەی نەبووە

هەواڵ / ئابوری :: 07/12/2018‌ :: 458‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت: بەپێی داتاكانی وەزارەتی دارایی، عێراق لە چوار ساڵی رابردوودا كورتهێنانی بودجەی نەبووە.


ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی عێراق بەدواڕۆژی راگەیاند: بەپێی داتاكانی وەزارەتی دارایی، عێراق لەو چوار ساڵەدا كورتهێنانی لە بودجەدا نییە، لە ساڵانی (2014 تا 2017) داهاتەكانی عێراق بڕی 299 ترلیۆن و 816 ملیار دینار بووە و خەرجییەكانیش بڕی 296 ترلیۆن و 501 ملیار دینار بووە، واتە بڕی زیادەی ئەم چوار ساڵە دەكاتە 3 ترلیۆن و 315 ملیار دینار.

سەبارەت بەوەی بۆچی لەو چوار ساڵەدا عێراق كورتهێنانی نییە، ناوبراو روونیكردەوە: لەساڵی رابردوودا عێراق 500 ملیار دیناری بۆ ماوتەوە، لە ساڵی 2014یشدا 21 ترلیۆنی بۆ ماوەتەوە، بۆیە توانیویەتی لەو دوو ساڵەی كە نەوت دابەزیوە قەرەبووی پێبكاتەوە.

وتیشی: "بۆ نموونە ساڵی 2014 و 2017 نەوت زۆر گران بووە، هەروەها ساڵی 2014یش كە 21 ترلیۆن دینار زیاد بووە هیچ پارەیەكیان بۆ هەرێم نەناردووە".

پێداچوونەوە: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە