وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ باره‌ی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکەوە لە هەرێم روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 07/12/2018‌ :: 3933‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی جگەر جۆری B دورە لە راستییەوە.

  
ئه‌مڕۆ هه‌ینی 7ی كانوونی یه‌كه‌م، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ راگه‌یەندراوێكدا ئاماژەیان بەوەکرد "لە کەناڵیێکی میدیایی کوردستان لە پڕۆگرامێکی تایبەتی تەندروستی بە بەشداری میوانێک كه‌ پسپۆری تەندروستی گشتی و نەخۆشیە درمیەکان و پێشکەشکارەکەش پزیشک بێت بەشێوەیه‌کی هەڕەمەکی دور لە بنەما زانستی و پزیشکیەکانی بڵاوبونەوەی نەخۆشی، باسی بڵاوبونەوەی هەوکردنی ڤایرۆسی جگەر جۆری بی-یان کردووە لە کوردستان، گوایە بڵاوبۆتەوە و گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار". 

له‌به‌شێكی تری راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "وەک وەزارەتی تەندروستی ئەو هەواڵە ڕەتدەکەینەوە و پێمان وایە لە بێ ئاگایی و نەزانی و ناشارەزایی ئەو پسپۆڕە بووه‌، چونکە هەوکردنی جگەر نەخۆشیەکی ڤایرۆسی نیشتەجێیە لە هەموو وڵاتانی جیهان و لە هەر وڵاتێک رێژەیەکی بڵاوبونەوە هەیە".

ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌: 
پسپۆڕەکان دەبێ خەڵک هۆشیارکەنەوە نەک بیانترسێنن ! 
بەداخەوە لە کەناڵیێکی میدیایی کوردستان لە پڕۆگرامێکی تایبەتی تەندروستی بەشەداری میوانێک ( پسپۆری تەندروستی گشتی و نەخۆشیە  درمیەکان ! ) و پێشکەشکارەکەش پزیشک بێت ! بەشێوەکی هەڕەمەکی دوور لە بنەما زانستی و پزیشکیەکانی بڵاوبونەوەی نەخۆشی ، باسی بڵاوبونەوەی هەوکردنی ڤایرۆسی جگەر جۆری بی یان کردووە لە کوردستان ، گوایە بڵاوبۆتەوە و گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار !! 

وەک وەزارەتی تەندروستی ئەو هەواڵە ڕەتدەکەینەوە و پێمان وایە لە بێ ئاگایی و نەزانی و ناشارەزایی ئەو پسپۆڕە بەڕێزانەیە چونکە یەکەم هەوکردنی جگەر نەخۆشیەکی ڤایرۆسی نیشتەجێ یە لە هەموو ووڵاتانی جیهان و لە هەر ووڵاتێک ڕێژەیەکی بڵاوبونەوە هەیە ،هەر وەک لە ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و سەنتەری کۆنتڕۆڵی نەخۆشیەگوزراوەکانی ئەمەریکی ( CDC) ئاماژەی پێدراوە ، ووڵاتەکان و هەرێمەکان دابەشکراوون بەسەر  سێ ناوچە ( بڵاوبونەوەی بەرز  کەڕێژەی نەخۆشیەکە لەنێو خەڵک ٨٪ یان زیاترە ، ئەوانەی مامناوەند بۆ بەرزن ۲-٨٪   لەگەڵ  بڵاوبونەوەی نزم  کەمتر لە ۲٪ )  وە هەر بەپێی هەمان ڕاپۆڕتی ڕکخراوی تەندروستی  هەڕێمی کوردستان لەو هەرێمانەیە کە بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکە تێیدا نزمە واتە بڵاوبونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی جگەر جۆری بی کەمتر لە ۲٪ .
لەژێر ڕۆشنایی ئەم ڕاستیانە دەپرسین ، بەچ بەڵگەیەکی زانستی دەڵێن ( لەکوردستان بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکە گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار ؟!! )  
لامان سەیرە کەسانێک کە چاوەڕواندەکرێت شارەزاییەکیان هەبێت لەو بوارە ،کەچی بەم جۆرە هەرەمەکیە قسە بکەن و کۆمەڵگا بترسێنن بەبێ هەبوونی بەڵگە و بنەمای پزیشکی ، ئەرکی پسپۆڕانە کۆمەڵگا هۆشیارکەنەوە نەک بیانترسێنن .
لێکچواندنی ئەو نەخۆشیە بە ئەیدز تەنها بۆ مەبەستی زیاتر ترساندنی خەڵکە ئەگینا ئەوەی پزیشک و پسپۆڕ بێ دەزانێت هەوکردنی جگەر لە ئەیدز مەترسیدار تر نیە 
بەڕێزان هەوکردنی جگەر یەکێکە لەو نەخۆشیە ڤایرۆسیانە کە بە ڤاکسین پێشگیری لێ دەکرێ و ڤاکسینی دژ بەڤایرۆسە کە هەیە  بەڵام ئەیدز هیچ ڤاکسینێکی دژی نی یە تا خۆی لێ بپارێزرێت .
هەروها ئێستا کووتانی دژی نەخۆشی هەوکردنی جگەر جۆری بی بەشێکە ڵەپڕۆگرامی نیشتمانی کووتان و هەموو منداڵێک کە لەدایک دەبێت لەیەکەم هەفتەی لەدایکبوونی دەکوترێ دژی ئەو نەخۆشیە. بۆ زانیاریتان ڕێژەی کووتان دژی ئەو ڤایرۆسە لەسەر ئاستی جیهان ٨٤٪ یە بەپێی ڕاپۆرتی WHO ، خۆشبەختانە لە کوردستان  لە ۹۳٪  لە کۆتایی ۲۰۱۷ (  لە سلێمانی ۹۳٪  ، هەولێر ۹٨٪  و دهۆک ٨٨٪ )
هەروها وەک ڕاستیەکی زانستی پزیشکی ڕێژەی تووشبوون بە هەوکردنی جگەری درێژخایەن لەوانەی توشی ڤایرۆسەکە دەبن  کەمتر لە ٥٪  لە گەوران  بەڵام لە ڤایرۆسی کەمی بەرگری لەش ڕێژەی تووشبون بەئەیدز ۹۹٪ یە .
بێ گومان تەندروستی گشتی ئەرک و بەرپرسیارەتی هەمووانە و دەستخۆشی وسوپاسی هەموو ئەو کەس و میدیا و لایەنانە دەکەین کە هاوکار و هەماهەنگن لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان و پشتیووانن بۆ بەهێزکردنی ڕێوشوێنەکانی پێشگیری و خۆپارێزی لە نەخۆشیەکان لە هەرێمی کوردستان. لای هەمووان ئاشکرایە قەیرانەکان کاریگەریان گەورەیان هەبووە لەسەر دەزگاتەندروستیەکان وە  بوژانەوە و پێشخستنی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان پێوویستیان بە هەماهەنگی زیاتر و تەرخانکردنی بوجەی شایستە و خستنەگەری پڕۆژە یاسا پێشنیارکراوەکانی وەزارەتی تەندروستیە کە بۆ چارەسەری گرفتەکانی کەرتی تەندروستی و پێشخستنی ئەو کەرتە ئامادەکراوون و بەرزنکراونەتەوە بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەڕڵەمانی کوردستان. 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری تەندروستی / وەزارەتی تەندروستی
                            ۲۰۱۸/۱۲/۷

پ: ناکام رەحيم



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure