رانیه‌: به‌هۆى قارچکی ژەهراویه‌وه‌ 12 کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە كران

هەواڵ / کوردستان :: 07/12/2018‌ :: 579‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
دوێنێ پێنجشەممە، بەهۆی خواردنی قارچکی ژەهراویه‌وه‌ 12 کەس لە ناحیەی بێتواتەی سه‌ربه‌ قەزای ڕانیە ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

تەها محەمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستی ڕاپەڕین بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 12 کەس کە دانیشتووی ناحیەی بێتواتەی قەزای ڕانیە-ن و له‌ دوو خێزانى جیاوازن، بەهۆی خواردنی قارچکی ژەهراویه‌وه‌ گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی گشتی قەزاکە.

وتیشی :"بەشێک لەو کەسانەی گەیەنراونەتە نەخۆشخانە تووشی دابەزینی ئاستی بینین بوون، هاوکات بەشێکی تریشیان تووشی سکچوون و رشانەوەبوون".

بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستی ڕاپەڕین باسی لەوەشکرد :"لە ئیستادا نەخۆشەکان چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و باری تەندروستیان جێگیرە".

 

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure