رونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ى به‌ سه‌ربازیكردنى فڕۆكه‌خانه‌ى كشتوكاڵى عه‌ربه‌ت-ه‌وه‌ ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 07/12/2018‌ :: 426‌ جار بینراوە
فڕۆكه‌خانه‌ى كشتوكاڵى عه‌ربه‌ت

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆكه‌خانه‌ى كشتوكاڵى عه‌ربه‌ت هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌  بەسه‌ربازیكردنى فڕۆكه‌خانه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێت :"ئه‌نجامدانى چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك له‌ گۆڕه‌پانى فڕۆكه‌خانه‌كه‌دا و گرنگیپێدانى له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى فڕۆكه‌وانى عێراق-ه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستى به‌سه‌ربازیكردنى نییه‌".


ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ده‌نگۆى ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتى فڕۆكه‌وانى مه‌ده‌نى عێراق هه‌ستاوه‌ به‌ ئه‌نجامدانى چه‌ند پرۆژه‌یه‌كى نوێ له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌ى كشتوكاڵى عه‌ربەت، وه‌ك ئاماده‌كاریكردن بۆ به‌ سه‌ربازیكردنى ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌ندازیار نه‌ورۆز عه‌بدولقادر محیه‌دین، به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆكه‌خانه‌ى كشتوكاڵى عه‌ربه‌ت به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: له‌سه‌ر داواى حكومه‌تى عێراق ماوه‌یه‌كه‌ ده‌ستكراوه‌ به‌ فراوانكردنى فڕگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كه‌مان و ئه‌نجامدانى چه‌ند پرۆژه‌یه‌كى خزمه‌تگوزارى به‌ مه‌به‌ستى گەیاندنی خزمه‌تى زیاتر به‌ كه‌رتى كشتوكاڵ. مه‌به‌ستێكى ترى ئه‌م پرۆژه‌ نوێیانه‌ بریتیه‌ له‌، سودوه‌رگرتنى فڕۆكه‌خانه‌كه‌ له‌كاتى كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كاندا، چونكه‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ى ئێمه‌ یه‌كه‌م فڕۆكه‌خانه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق كه‌ له‌ بوارى كه‌رتى كشتوكاڵیدا خزمه‌ت بكات.

وتیشى "ئه‌و قسه‌وباسانه‌ى له‌باره‌ى به‌ سه‌ربازیكردنى فڕۆكه‌خانه‌وه‌ ده‌كرێن دورن له‌ راستییه‌وه‌ چونكه‌ ئێمه‌ هیچ بڕیار و نوسراوێكى فه‌رمیمان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارێتى ده‌سته‌ى فڕۆكه‌وانى عێراق-ه‌وه‌ به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌".

به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆكه‌خانه‌ى كشتوكاڵى عه‌ربه‌ت ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ڕاسته‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌مان له‌ڕووى هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافیایه‌وه‌ نزیكه‌ له‌سه‌ر سنورى ئێران-ه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ بكرێته‌ فڕۆكه‌خانه‌یه‌كى سه‌ربازى، به‌ڵكو به‌هۆى بوونى ده‌شتى شاره‌زوور-وه‌ له‌ سنوره‌كه‌دا هه‌بوونى فڕۆكه‌خانه‌یه‌كى كشتوكاڵى گرنگى خۆى هه‌یه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئێستا فڕۆكه‌خانه‌كه‌ به‌جۆرێك فراوانكراوه‌ و گۆڕانكارى تیادا كراوه‌ كه‌ هه‌موو جۆره‌ فڕۆكه‌یه‌ك تواناى نیشتنه‌وه‌ى هه‌یه‌، به‌ مه‌رجێك داواى مۆڵه‌تى  نیشتنه‌وه‌ بكات، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراق-ییه‌وه‌ بودجه‌یه‌كى تایبه‌تى بۆ ته‌رخانكراو فراوانتر كرا. هه‌روه‌ها ئه‌كادیمیایه‌كمان كردووه‌تەوە بۆ فێرخوازان و كه‌سانی ئاره‌زوومه‌ند له‌بوارى فڕۆكه‌وانیدا.

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure