ئاواره‌كانى خانه‌قین ئاماده‌نین بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانى خۆیان

هەواڵ / کوردستانی :: 07/12/2018‌ :: 208‌ جار بینراوە

تاگ :: ئاواره‌

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
له‌ماوه‌ى پێنج ساڵى رابردوودا به‌هۆى شه‌ڕى داعش-ه‌وه‌، ئاواره‌یه‌كى زۆرى ناوچه‌كانى دیاله‌ و ناحیه‌كانى جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌ روویان له‌ خانه‌قین كرد، به‌ڵام تا ئێستا ژماره‌یه‌كى كه‌میان لێ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدى خۆیان، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى خانه‌قین-یش ده‌ڵێت: "ڕه‌وشى ئه‌منى خانه‌قین و هه‌لى كار بووه‌ته‌ هۆكارى مانه‌وه‌ی ئه‌و ئاوارانه‌". 


سه‌میر محه‌مه‌د نور، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى خانه‌قین به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى ئارامى و ئاسایشى خانه‌قین به‌ تایبه‌تى له‌ پێش رووداوه‌كانى 16 ئۆكتۆبه‌ر،  هه‌روه‌ها هه‌بوونى هه‌لى كار و خزمه‌تگوزارى باشتر به‌ به‌راورد به‌ناوچه‌كانى خۆیان، ئاواره‌كانى خانه‌قین ناگه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌ ناوچه‌كه‌دا ماونه‌ته‌وه‌. 

وتیشى :"به‌شێكیان به‌هۆى ئه‌وه‌ى هێشتا ناوچه‌كانیان له‌ ژێرده‌ستى حه‌شدى شه‌عبی-دایه‌، كورده‌كانیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌ ئاسایش و هێزه‌ كوردییه‌كان نه‌ماون پێیان باش نییه‌ بگه‌Rێنه‌وه‌. هاوكات هه‌ندێكیشان له‌به‌ر ڕووخانى خانوو و سووتان و ته‌قاندنه‌وه‌ى ماڵه‌كانیان  ناتوانن بڕۆنه‌وه‌".

 

 سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى خانه‌قین ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئاواره‌كان له‌ كورد و عه‌ره‌بى سوونه‌ و شیعه‌ پێكهاتوون، جگه‌ له‌ دوو كامپى تایبه‌ت به‌ خۆیان هاوكات به‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كانى خانه‌قین و گونده‌كانیدا دابه‌شبوون. به‌ پێ ئاماره‌كانى فه‌رمانگه‌ى كۆچ و كۆچبه‌رانى خانه‌قین-یش له‌ماوه‌ى شه‌ڕى داعش-دا له‌ ساڵى 2014 و ساڵانى دواتر زیاتر له‌ 10 هه‌زار خێزان له‌ جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌ و ناوچه‌كانى دیكه‌ى دیاله‌وه‌ ئاواره‌ى خانه‌قین بوون.

 ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ى 20% ئه‌و ئاوارانه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ى تر له‌ ناوچه‌كه‌دا ماونه‌ته‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure