له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسێكى "مه‌ترسیدار" له‌ هه‌رێم رونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 06/12/2018‌ :: 21539‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
له‌ماوه‌ی سێ رۆژدا چه‌ند كه‌سێك له‌ هه‌رێمى كوردستان تووشی ڤایرۆسی جگه‌ری جۆری B بوون و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمیش ده‌ڵێت: "ساڵانه‌ ژماره‌یه‌ك تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌بن و پلانی كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسه‌كه‌مان داڕشتووه‌".


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 6ی كانوونی یه‌كه‌م، د. سه‌روان عه‌زیز پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌كان له‌هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ماوه‌یه‌كه‌ ڤایرۆسی جگه‌ری جۆری B له‌ سلێمانی و چه‌ند شوێنكی دیكه‌ی هه‌رێم بڵاوبۆته‌وه‌، كه‌ مه‌ترسیدارتره‌ له‌ ئایدز و داواكاریین وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ په‌له‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و ڤایرۆسه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌ بكات.

وتیشی: "له‌م هه‌فته‌یه‌دا دوو كه‌س كه‌ یه‌كێكیان كچێكه‌ له‌ سلێمانی تووشی ئه‌و ڤایرۆسه‌ بووه‌ و هه‌ندێك چاره‌سه‌ری بۆ كراوه‌، به‌ڵام پلانی نه‌هێشتی ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌بێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێت".

له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌، د. خاڵس قادر، وته‌بێژى وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: راسته‌ چه‌ند كه‌سێك تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای وانییه‌ كه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ چه‌ند كه‌سێك زۆر نییه‌ و ساڵانه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌س تووشی ده‌بن.

وتیشی: "پلانی كاركردنمان كوتانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستنیشان و چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشه‌كان به‌ ده‌رمان و گرتنه‌به‌رى رێوشوێنه‌كانی خۆپارێزی له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسه‌كه‌".

ڤایرۆسی جگه‌ر سێ جۆری هه‌یه‌ (A، B، C)، جۆری یه‌كه‌میان له‌رێگه‌ی ئاو و خۆراك بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی نه‌شتنه‌وه‌ى ده‌ست دوای ده‌رچوون له‌ ته‌والێت، به‌ڵام جۆری B، كه‌ "مه‌ترسیدارترینه‌" كه‌ له‌گه‌ڵ جۆری سێیه‌میان له‌رێگه‌ی خوێن ده‌گوزارێنه‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ه. ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە