له‌م وڵاته‌دا هاتووچۆى گشتى دەکرێت بە خۆڕایی

هەواڵ / جیهان :: 07/12/2018‌ :: 248‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژنامه‌ى گاردیان بڕیارێكى حكومه‌ته‌ نوێیه‌كه‌ى لۆكسمبۆرگى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ به‌پێى ئه‌و بڕیاره‌ بلیتى هۆكاره‌ گشتییه‌كانى هاتووچۆ ناهێڵێت، به‌مه‌ش هاتووچۆ ده‌بێته‌ خۆڕایى.

رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت: "تائێستا هه‌نگاوى له‌وجۆره‌ له‌ هیچ وڵاتێكدا نه‌نراوه‌. به‌پێى بڕیاره‌كه‌ له‌ هاوینى ساڵى 2019دا نرخى بلیتى شه‌مه‌نده‌فه‌ر و پاس و ترام هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌ و به‌ یه‌كێك له‌ بڕیاره‌ گرنگه‌كانى حكومه‌ته‌ ئیئتلافییه‌كه‌ى لۆكسمبۆرگ داده‌نرێت".

ئەمەش بەشێکە لە پڕۆژەیەکی چاکسازی سەرۆک وەزیران کزافێ بیتل پاش ئەوەی هاوپەیمانیە لیبرالیەکەی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمدا سەرکەوتووبوو.

حكومه‌تى لۆكسمبۆرگ هیواداره‌ له‌ رێگه‌ى ئه‌م بڕیاره‌وه‌ خاوه‌ن ئۆتۆمبێله‌كان هان بدات ئۆتۆمبێله‌كانیان له‌ ماڵه‌وه‌ دابنێن و سوود له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر و میترۆ و پاسه‌ گشتییه‌كان ببینن به‌ مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى پاڵه‌په‌ستۆى هاتووچۆ به‌تایبه‌ت له‌ پایته‌ختى ئه‌و وڵاته‌دا.

ئەمەش لەکاتێکدایە پایتەختی لۆکسمبۆرگ کێشەی قەرەباڵغی شەقامەکانیان هەیە هەرچەندە ژمارەی هاوڵاتیانی تەنیا 110 هەزارە، بەڵام 400 هەزار کەس بۆ کارکردن هاتوونەتە شارەکە و ڕۆژانە 200 هەزار کەسی دەوڵەتانی چواردەور وەک فرەنسا و ئەڵمانیا و بەلجیکا پیایدا تێپەڕ دەبن.


پێداچوونەوە: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure