زۆربه‌ی بریتانییه‌كان پێیان وایه‌ جیابوونه‌وه‌یان له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا بڕیارێكی هه‌ڵه‌بووه‌

هەواڵ / جیهان :: 07/12/2018‌ :: 164‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌كاتێكدا كه‌ ترێزا مه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانى بریتانیا هه‌وڵده‌دات پڕۆژه‌ی (برێكست) كه‌ ده‌رچوونی بریتانیایه‌ له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا به‌ره‌وپێش ببات، راپرسییه‌كی نوێش ده‌ریده‌خات كه‌ زۆربه‌ی ده‌نگده‌رانی  ئه‌و وڵاته‌ پێیان وایه‌، ئه‌و ده‌رچوونه‌ بڕیارێكی هه‌ڵه‌ بووه‌.


به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و راپرسییه‌، نزیكه‌ی 38%ی به‌شداربووان پێیان وایه‌، شانشینی یه‌كگرتوو بڕیارێكی راستی داوه‌ له‌ ئه‌وروپا بكشێته‌وه‌ له‌كاتێكدا 49% پێیان وایه‌، ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵه‌ بووه‌. 

راپرسییه‌كه‌ له‌ رۆژانی 3 و 4ی كانونی یه‌كه‌مدا ئه‌نجام دراوه‌ و تیایدا هەزار و 624 كه‌س به‌شداریی كردووه‌.

 ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ كه‌ جیاوازیی پشتیوان و نه‌یاره‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆر بێت‌ و رێژه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده‌ زۆر ئه‌و بڕیاره‌یان پێ هه‌ڵه‌بێت و رێژه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده‌ كه‌م بڕیاره‌كه‌ به‌ راست بزانن.

23% ى به‌شداربووانی ئه‌و راپرسییه‌ پشتیوانی له‌ پڕۆژه‌ی برێكست  ده‌كه‌ن له‌كاتێكدا 46% دژی پڕۆژه‌كه‌ بوون، هه‌روه‌ها 40% له‌گه‌ڵ پارتی پارێزگاراندان، 38% له‌گه‌ڵ كرێكاران و 9% ده‌نگیش بۆ لیبراڵ دیموكراته‌كان ده‌ده‌ن.

35% له‌و ده‌نگده‌رانه‌ پێیان وابووه‌، تێرێزا مه‌ی، باشترین بژارده‌یه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران، به‌ڵام 24% ده‌نگیان بۆ جێرمی كۆربینی، پارتی كرێكاران داوه‌ بۆ هه‌مان پۆست و 37% هیچكامیان په‌سه‌ند نه‌كردوون.
 پێداچوونه‌وه‌: ه.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure