پۆلیسى سلێمانى وتهى ئهو كهسهى تهقهى له (د. كهمال ئهحمهد) كرد بڵاودهكاتهوه
هەواڵ / کوردستان :: 06/12/2018 :: 34482 جار بینراوە
دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
پۆلیسی سلێمانی وتەی ئەو کەسە بڵاودەکاتەوە کە سەرەتای ئەم هەفتەیە تەقەی لە پزیشکێک کرد و تیایدا دەڵێت: ئەو پزیشکە "غەدری لێکردووە و زیانی پێگەیاندووە" بۆیە ئەو کارەی ئەنجامداوە.
نەقیب سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: ئەو تۆمەتبارەی تەقەی لە پزیشكەكەی شاری سلێمانی كرد، ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی بەندكراوە و كەسوكاریشی دەتوانن سەردانی بكەن.
سەبارەت بەوەی ئەو تۆمەتبارە لە وتەكانیدا چی وتووە، نەقیب سەركەوت وتی: "لای دادوەر قسەی لێوەرگیراوە و وتویەتی نەخۆشی ئەو پزیشكە بووم و غەدری لێكردووم و چاك نەبوومەتەوە و زەرەرم پێگەیشتووە، بۆیە ئەو كارەم كردووە".
ئێوارەی دووشەممەی رابردوو هاوڵاتییەك، لەنێو نۆرینگەكەی تەقەی لە دکتۆر (كەمال ئەحمەد سەعید) كرد و برینداری كرد، دوێنێش ئەو تۆمەتبارە لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركرا.
پێداچوونەوە: ن. ر