سلێمانی: لەماوەی یەک مانگدا زیاتر لە 8 ملیۆن دینار غەرامەی کاسبکاران کراوە

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 61‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی ئاشكرایده‌كات، لەماوەی مانگی رابردودا ‌‌به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كان هه‌ر شوێنێك پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن نه‌بووبێت رووبه‌ڕووی سزای ماددی و یاسایی كراوه‌ته‌وه‌ و له‌و مانگه‌دا زیاتر لە 8 ملیۆن دینار غەرامەی کاسبکاران کراوە.

گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: "لە مانگی تشرینی دووه‌می 2018دا، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی (3.719) سه‌ردانیان بۆ شوێنه‌ گشتییه‌كان ئه‌نجامداوه‌، له‌ كۆی ئه‌و سه‌ردانانه‌شدا به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوون به‌ مه‌رج و رێنماییه‌ ته‌ندروستی و ڤیتێرنه‌رییه‌كانه‌وه‌ (490) شوێن ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ كه‌ پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌كان بن، (272) شوێنیش سزای ماددی دراون هه‌روه‌ها به‌هۆی به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر سه‌رپێچی (6) شوێن داخراون".

وتیشی: "له‌ هەمان مانگدا، زیاتر لە (53) تەن و (2) سه‌د كیلۆگرام مه‌واد و خۆراكی ماوه‌به‌سه‌رچوو به‌ بڕیاری قایمقامی سلێمانی له‌ناوچه‌ی تانجه‌رۆ له‌ناوبراون".

ئاماژەی بەوەشدا: "كۆی گشتی پاره‌ی غه‌رامه‌كراویش بریتییه‌ له‌ (8‌) ملیۆن و (5) سه‌د هه‌زار دینار، بەپێی یاسا ده‌خرێته‌وه‌ سه‌ر داهاتی گشتی".

به‌پێی ئه‌و رێنماییانه‌ی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان كاری پێده‌كه‌ن، هه‌ر شوێنێكی كاركردن پابه‌ندی مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی ڤێتێرنه‌ری و بازرگانی نه‌بێت، سه‌ره‌تا ئاگادارده‌كرێته‌وه‌، دواتر سزای ماددی ده‌درێت و له‌ حاڵه‌تی دووباره‌كردنه‌وه‌ی سه‌رپێچییه‌كاندا داده‌خرێن و پاشان رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێنه‌وه‌.

پ: چ. ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure