شانده‌كه‌ى یه‌كێتیى له‌ به‌غدا گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێم

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 267‌ جار بینراوە

تاگ :: یه‌كێتى

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان ئاشكرایده‌كات: پرسى متمانه‌دان به‌ هه‌شت وه‌زیره‌كه‌ى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى عێراقى دواخراوه‌و شانده‌كه‌ی یه‌كێتیش له‌ به‌غدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.


به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ئه‌و شانده‌ى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان، كه‌ به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆكردن چووبوونه‌ به‌غدا  له‌ ڕێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانییه‌وه‌ گه‌یشته‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى شانده‌كه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ پرسى دانانى وه‌زیرێك بۆ یه‌كێتى له‌ حكومه‌تى عێراقى هه‌نگاوى باشیان بڕیوه‌.

ئاسۆ مامه‌ند، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: به‌ فشارى یه‌كێتیى و چه‌ند لایه‌نێكى گه‌وره‌ى سیاسى عێراقى پرسى ده‌نگدان به‌ هه‌شت وه‌زیره‌كه‌ى كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمهدى بۆ كاتێكى نادیار دواخراوه‌و تاوه‌كو گفتوگۆى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: په‌راوێزخستنى یه‌كێتى و پێنه‌دانى ئیستحقاقى هه‌ڵبژاردن به‌ قسه‌ى لایه‌نێكى سیاسى وابه‌ئاسانى تێپه‌رنابێت و بۆ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێك گه‌یشتوونه‌ته‌ لێكتێگه‌یشتن.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێ چوارشه‌ممه‌ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق باس له‌و پرسه‌ كراوه‌و ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ش به‌ لای یه‌كێتیه‌وه‌ ئیجابى بووه‌و جارێ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامنادرێت، تاوه‌كو لایه‌نه‌كان له‌سه‌رى ڕێكنه‌كه‌ون.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 6ى كانونى یه‌كه‌م، دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌نجامده‌درێت، به‌ڵام پرسى متمانه‌دان به‌ هه‌شت وه‌زیره‌كه‌ى دیكه‌ى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى عێراقى له‌ به‌رنامه‌ى كاردا نییه‌.

25ى تشرینى یه‌كه‌مى 2018، پەرلەمانی عێراق دەنگیدا لەسەر عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق و 14 وەزیری كابینەكەی، كە لە ناویاندا دوو وەزارەت دران بە كورد، بەڵام به‌هۆى ناكۆكی نیوان لایه‌نه‌كان تائێستا وەزیرانی هەشت وەزارەت یەكلایی نەبوونەتەوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure