کردنەوەی بەشی VIP لە هاتووچۆی هەولێر کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 630‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر، بەشی VIP بۆ رایکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان کردەوە، وتەبێژی هاتووچۆش رایگەیاند: بۆ هەر مامەڵەیەک بڕی 100 هەزار دینار لە هاوڵاتی وەردەگیرێت. ئەو بڕیارەش ناڕەزایەتی بەدوای خۆیداهێنا.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لە بەشی VIP بەبڕی ١٠٠ هەزار دینار سەرجەم مامەڵەکان رایدەکات و هاوڵاتیان و شۆفێران لە شوێنێکی تایبەت و خاوێن و ئامادەکراودا چاوەڕوان دەبن تا مامەڵەکانیان تەواو دەبێت، لەبارەی پڕۆژەکەوە،  فازڵ حاجی وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بەدواڕۆژی وت: "بەڕێوەبەری ‌هاتووچۆی هه‌ولێر بۆیەکەمجار بەشی VIP بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بۆ رایکردنی مامەڵەکانیان بە زوترین و ئاسانترین و باشترین شێوە کردۆتەوە، لەبەرامبەردا ١٠٠ هەزار دیناریان لێ وەردگرێت".

ئەو هەنگاوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ناڕەزایەتی توندی هاوڵاتیان و پارێزەران و ئابوریناسانی لێکەوتۆتەوە و دەوترێت: ئەوە جگە لەوەی دابەشکردنی کۆمەڵگەیە بەسەر دوو چیندا، هەروەها وەرگرتنی پارەکەش نایاساییە.

رێبین فەتاح، ئابوریناس و چاودێری ئابوری بۆ دواڕۆژ، دەڵێت: "ئەو بڕیارەی هاتووچۆی هەولێر، بڕیارێکی زاڵمانەیە. ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لەبری ئەوەی خۆی چاک و کارا بکات، ئەوەندەی دیکە کێشە بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات و کاری نایاسایی ئەنجامدەدات".

هەروەها دەشڵێت: "ئەرکی حکومەت و دامەزراوەکانی، کاراکردنی رۆڵەکانیەتی بەشێوەیەکی یەکسان، حکومەتی خەڵک، بەوە دەناسرێتەوە کە خزمەتگوزارییەکانی لەسەر بنەمای یەکسانی پێشکەش دەکات، ستەمکاری لەوە زیاتر چییە، من بە هەفتە خەریکی مامەڵەیەک بم لە دامەزراوەیەکی حکومەت، چونکە پارەم نییە و کەسێکی دیکە لەبەر ئەوەی پارەی پێیە بەسەر هەزارانی وەک مندا دەڕوات و بە چەند خولەکێک مامەڵەکەی بۆ تەواو بکرێت".

مزەفەر خۆشناو، کە هاوڵاتییەکی شاری هەولێرە لەبارەی کردنەوەی ئەو بەشەوە بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "بە ڤی ئای پی کردنی مامەڵەی خەڵک کارێکی خراپە، ئێستا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بەشێکی کردۆتەوە بۆ جیاکاری چینایەتی و ئابوری".

دەشڵێت: "ئەوە پێماندەڵێت بەپارە و ڕەشوەی فەرمی و بەرتیل زوتر و باشتر و ئاسانتر دەتوانین کارەکانتان رایی بکەین لە فەرمانگەکانی حکومەت".

ناڕەزایەتیەکان سەرجەم چینەکانی گرتۆتەوە و تادێت فشارەکان بۆسەر بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر زیاتر دەبن، لەوبارەیەوە فەرهاد چۆمانی، نوسەر و رۆژنامەنوس دەڵێت: "ئەوە قوڵکردنەوەی جیاوازی چینایەتییە، دیوێکی دیکەی رووتاندنەوەی خەڵکە بەشێوەیەکی نەرم و ریکلامی، بەو مانایەی ئێمە ئامادەین خزمەتتان بکەین و بە زووترین کات کارەکانتان رایی بکەین، بەو مەرجەی توانای ئەوەت هەبێت ١٠٠ هەزار دیار بدەیت، ئەمە ماکێکی دیکەی کۆیلایەتی مۆدێرن و باج و خەراجە".

دەشڵێت: "ئەمە سووکایەتییەکی گەورە و مەترسییەکی گەورەترە بۆسەر نیشتیمان و وڵات و هاوڵاتیان، خەریکە کوردستان بە ئاقارێکدا دەڕوات کە کەمدەرامەت و ئەو پێشمەرگە بریندارانە و هاوڵاتی ئاسایی و فەرمانبەری بێ مووچە و هەژار کە ناتوانێ کرێی خانووەکەی بدات نەتوانن تیایدا بژین".

لەڕووی یاساییەوە بڕیارەکە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت و ژمارەیەک پارێزەر لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەوە بەدەرە لەیاسا، چونکە مامەڵەکە و فەرمانگەکە حکومیە و بەهیچ جۆرێک ناتوانن لەخۆیانەوە نرخ دابنێن و ژوری لەو جۆرە بکەنەوە و بەپێی یاسا رێگە پێنەدراوە.

جگە لەوەی بڕیارەکە بەنایاسایی دەزانن هاوکات پێچەوانەی یاساکانی هاتووچۆش دەیبینن، بۆیە دوو پارێزەر بەدواداچوون دەکەن و یاداشتێک لەوبارەیەوە دەدەنە داواکاری گشتی، پارێزەر ڕێبین صباح عبدوڵا، بەدواڕۆژی راگەیاند: سبەی پێنجشەممە لەگەڵ هاوکارم پارێزەر ئاسۆ هاشم یاداشتێکی داواکاری تۆمارکردنی سکاڵا دەگەینینە دەستەی مافی گشتی داواکاری گشتی لە هەولێر سەبارەت بە ناڕەزایبوون و نایاسایی بوونی دانانی هۆڵی VIP".

وتیشی: "وەرگرتنی ئەو پارە و دانانی ئەو بەشە لە بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر پێچەوانەی یاسای هاتووچۆ و هەروەها دروست کردنی جیاکارییە لە نێوان هاوڵاتیاندا بۆیە داواکاری گشتی لێ ئاگادار دەکەیەنەوە".

لەبارەی چۆنیەتی کردنەوەی ئەو بەشە و وەرگرتنی پارەکە و هۆکارەکانی و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان، لیوا هێرش ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری هاتووچۆی هه‌ولێر بەدواڕۆژی راگەیاند: کردنەوەی ئەو بەشە به‌گوێره‌ی‌ گرێبه‌ستێكه‌ له‌نێوان كۆمپانیایه‌ك کە شوێنەکەی بە کرێ گرتوەتەوە لەگەڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، بۆ کردنەوەی به‌شی VIP".

بەڕێوەبەری ‌هاتوچۆی هه‌ولێر، لەبارەی وەرگرتنی پارەکەوە روونیکردوە: ئەوە یاساییە و لەهەموو دونیا هەیە تا خزمەت باشتر و زیاتر بێت خەرجی زیاتر دەبێت، بۆیە وەرگرتنی بڕی ١٠٠ هەزار دینار لەبەرامبەر ئەو خزمەتگوزاریانەیە کە پێشکەشک دەکرێن لە خێرای و شوێن و کات و هاوکاری مامەڵەکردن کە پێشکەش بە هاوڵاتیان و شۆفێران دەکرێت لەو بەشە".

پێداچوونەوە: ن.ر




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە