شێلگیرى عه‌بدولمه‌هدى و ناڕه‌زایه‌تى فراكسیۆنه‌كان ته‌واوكردنى كابینه‌ى حكومه‌ت په‌كده‌خات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 159‌ جار بینراوە
سه‌رۆك وه‌زیران و كاندیدى وه‌زاره‌ته‌كان له‌كاتى جێهێشتنى هۆڵى په‌رله‌مان

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، محه‌مه‌د عه‌لى
ناڕه‌زایه‌تیى به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌كان له‌سه‌ر ناوى هه‌ندێك له‌ كاندیده‌ وه‌زارییه‌كان، دانیشتنى په‌رله‌مانى سه‌باره‌ت به‌ ته‌واوكردنى كابینه‌ى حكومه‌ت په‌كخست، جارێكى تریش ئه‌و پرسه‌ په‌رته‌وازه‌یى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی نیشاندا.


ئێواره‌ى رۆژى سێشه‌ممه‌ 4ى كانونى یه‌كه‌م په‌رله‌مانى عێراق دانیشتنێكى تایبه‌تى بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌شت كاندیدى وه‌زارى كه‌ له‌لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیران پێشكه‌شكرابوو ئه‌نجامدا.

به‌ڵام به‌هۆى چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى فراكسیۆنه‌كانى یه‌كێتى و هاوپه‌یمانیه‌كانى سائیرون و نه‌سڕ و ئاماده‌نه‌بوونى فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى، رێژه‌ى یاسایى په‌رله‌مانتاران ئاماده‌ى هۆڵى كۆبونه‌وه‌ نه‌بوون و دانیشتنه‌كه‌ بۆ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ دواخرا.

جه‌مال كۆچه‌ر، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى عێراق، كه‌ فراكسیۆنه‌كه‌یان به‌شدارى دانیشتنه‌كه‌ی نه‌كرد، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "ئه‌وه‌ كارێكى سروشتى بوو، كه‌ ده‌نگ نه‌درا له‌سه‌ر ئه‌و كاندیدانه‌ى كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى، چونكه‌ ئه‌و دابه‌شكارییه‌ى عه‌بدولمه‌هدى هێناویه‌تى، هه‌ندێكى تیایه‌ نابێت بكرێت".

رونیشیكرده‌وه‌: "ناكرێت به‌رپرسى حه‌شدى شه‌عبى بكرێته‌ وه‌زیرى ناوخۆ، ئه‌وه‌ش بۆ عێراق به‌گشتى و ئێمه‌ وه‌ك كورد به‌تایبه‌تى شتێكى مه‌ترسیداره‌، سه‌باره‌ت به‌ پۆسته‌كانى كوردیش حه‌وت فراكسیۆن هه‌یه‌، وه‌زیره‌كان هه‌مووى دراونه‌ته‌ یه‌ك لایه‌ن، ئه‌وه‌ش هه‌م ناوخۆى كورد تێكده‌دات، هه‌م ئینسافیش نییه‌، ئه‌گه‌ر لایه‌نێك هه‌ندێك كورسى هه‌بێت، ئه‌وا لایه‌نى تریش هه‌یه‌ كورسى هه‌بێت".

جه‌مال كۆچه‌ر پێداگریشى له‌وه‌كرد: ئه‌گه‌ر له‌ ئاینده‌ش هه‌مان كه‌سایه‌تى و كاندید بێته‌وه‌ ناو په‌رله‌مان بۆ متمانه‌پێدان، هه‌مان هه‌ڵوێستیان ده‌بێت.

له‌نێو ئه‌و چوارده‌ وه‌زیره‌ى پێشتر متمانه‌ى په‌رله‌مانیان وه‌رگرت دوو وه‌زیریان له‌ پشكى كورد و پارتى یه‌كلاكرانه‌وه‌، له‌ كاندیده‌كانى دوێنێشدا جارێكى تر ناوى كاندیدێكى ئه‌و حزبه‌ هه‌بوو كه‌ مایه‌ى ناڕه‌زایه‌تى هێزه‌ كوردییه‌كانى دیكه‌ بوو، به‌ڵام فراكسیۆنى ئه‌و حزبه‌ ده‌ڵێت تێكچونى دانیشتنه‌كه‌ به‌هۆى ناكۆكى هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى شیعه‌یه‌. 

ناسر هه‌ركى، په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق، به‌ دواڕۆژى وت: "دوو راى جیاواز هه‌یه‌، یه‌كێكیان ده‌ڵێت هه‌وڵده‌ده‌ین خه‌ڵكێكى بێلایه‌ن بۆ وه‌زاره‌ته‌كان دابێین و ئه‌وى تریش پێچه‌وانه‌یه‌، به‌ڵام هۆكارى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌ى روویدا، نه‌گه‌یشتنى هه‌ردوو فراكسیۆنه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌ به‌ چاره‌سه‌ر له‌سه‌ر پرسى فالح فه‌یاز به‌ پله‌ى یه‌كه‌م و به‌پله‌ى دووه‌میش له‌سه‌ر پرسى وه‌زیرى به‌رگرى".

وتیشى: "دابه‌شكردنى وه‌زاره‌ته‌كان، پشكپشكێنه‌یه‌كى تیایه‌ ئه‌وه‌ش دیاره‌، بۆ به‌رده‌وامبوونى بارودۆخه‌كه‌ش، شه‌قامى عێراق به‌وه‌ رازى نابێت، چونكه‌ شه‌قام سه‌یرى كاندید و وه‌زیر ناكات، شه‌قام سه‌یرى خزمه‌تگوزارى ده‌كات".

فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، كه‌ به‌وته‌ى خۆیان عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌ڵێنى وه‌زاره‌تێكى پێداون، له‌ ناو كاندیده‌كانیشدا هیچ كاندیدێكى حزبه‌كه‌یانى تیانبوو، دوێنێش وه‌ك به‌شێك له‌و لایه‌نانه‌ى دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مانیان جێهێشت و بایكۆتى دانیشتنه‌كه‌یان كرد، سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى جارێكى تریش هه‌مان هه‌ڵوێست بگرنه‌به‌ر.

جه‌مال شكور، په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژى وت: "عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌ڵێنى پێدابووین كه‌ وه‌زارتێكمان هه‌بێت، چونكه‌ زیاتر له‌ بیست كورسى په‌رله‌مانیمان هه‌یه‌، به‌ڵام بینیمان ناوى كاندیدى ئێمه‌ى تیانییه‌، بۆیه‌ پێمان باش نه‌بوو به‌شدارى بكه‌ین".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى یه‌كێتى جه‌ختیشیكرده‌وه‌: "هه‌وڵده‌ده‌ین ماف و شایسته‌یى خۆمان به‌ده‌ست بهێنین، چونكه‌ ناكرێت به‌و ژماره‌ كورسییه‌وه‌ نوێنه‌رمان له‌ حكومه‌تدا نه‌بێت، له‌ ئاینده‌شدا ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و پۆسته‌ نابین، نه‌ك هه‌ر ئێمه‌ به‌ڵكو فراكسیۆنه‌ شیعه‌ و سوننه‌كانیش هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه".

ئه‌و دورتریش ده‌ڕوات و له‌ ئاوێنه‌ى ناكۆكیه‌كانى ئێستاوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ى حكومه‌ت ده‌ڵێت: "ئه‌و حكومه‌ته‌ش سه‌ره‌تا و ده‌ركه‌وته‌كانى دیاره‌ حكومه‌تێكى به‌هێز نابێت‌".

له‌گه‌ڵ هه‌موو ناكۆكیه‌كانیشدا به‌پێى دوپاتكردنه‌وه‌كانى پاش دانیشتنه‌كه‌ په‌كخراوه‌كه‌ بێت عادل عه‌بدولمه‌هدى سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى گۆڕانكارى له‌ كاندیده‌كاندا ناكات، ئه‌مه‌ش ماناى به‌رده‌وامى ناكۆكییه‌كان و ئه‌گه‌رى چاره‌سه‌رنه‌كردنى له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌دات.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure