نرخی نەوتی خاو دابەزی

هەواڵ / ئابوری :: 05/12/2018‌ :: 309‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهانی دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوەكه‌ى سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ى رێکخراوی هەناردەکارانی نەوت (ئۆپێک) لە ڤیه‌ننا و به‌رزبونه‌وه‌ى بڕی نه‌وتى گۆگاكراوى ئه‌مریكا.

كاتژمێر 11:30ى پێشنیوه‌ڕۆ به‌كاتى هه‌ولێر، نەوتی خاوی برێنت 1.06 دۆلار دابه‌زى و به‌رمیلێك بە 61.04 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا، نەوتی خاوی خۆرئاواى ئەمریکاش دۆلارێك دابه‌زى و بەرمیلێك به‌ 52.26 دۆلار فرۆشرا. 

دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا له‌ كاتێكدایە له‌ دوو رۆژى رابردوودا به‌ڕێژه‌ى 4% به‌رزبوەوه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ دابه‌زینى به‌خۆیه‌وه‌ بینى.

نرخه‌كانى نه‌وت له‌ بازاڕدا فشارى به‌رزبوونه‌وه‌ى نه‌وتى كۆگاكراوى ئه‌مریكای له‌سه‌ره‌ كه‌ به‌پێى ئاماره‌كانى په‌یمانگەى ئه‌مریكا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاشكرايكردوه‌: هه‌فته‌ى رابردوو 5.4 ملیۆن به‌رمیل زیادیكردوه‌ و به‌رزبوه‌ته‌وه‌ بۆ 448 ملیۆن به‌رمیل، ئه‌وه‌ش هیمایه‌ بۆ گه‌شه‌ى خستنه‌بازاڕى نه‌وت.

بڕیاره‌ سبەی پێنجشەممە 6 ى كانوونى یه‌كه‌می 2018 وڵاتانی هه‌نارده‌كارانى نه‌وت "ئۆپێک" و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ سه‌ربه‌خۆكان لە شاری ڤیەنناى پایتەختی نەمسا کۆببنەوە و گفتوگۆ بكه‌ن له‌سه‌ر ره‌وشى بازاڕه‌كانى نه‌وت و پاڵپشتیكردنى نرخه‌كانى نه‌وت.

ئا: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure