15 حیزب له‌هه‌رێم مۆڵه‌تیان نییه‌

هەواڵ / کوردستان :: 04/12/2018‌ :: 737‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌پێى داتا و ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، 15 پارتى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان مۆڵه‌تى رەسمییان نییه‌ و له‌ ئێستاشدا داواى وه‌رگرتنى مۆڵه‌تیان له‌ حكومه‌ت كردوه‌، هه‌ر پارتێكیش له‌ سنوورى باشوورى كوردستان نه‌بێت مۆڵه‌ته‌كه‌ى ره‌تده‌كرێته‌وه‌.


به‌پێى داتا و ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى ناوخۆیى هه‌رێمى كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 1993 کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، تائێستا 36 حیزب لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانه‌وه‌ مۆڵەتیان پێدراوە و 19 حیزب داواکاریان پێشکەشکردووە و داواكارییه‌كانیان له‌ژێر لێکۆڵینەوەدایه‌ و چوار له‌و حیزبانه‌ش داواکارییەکانیان تەواو بووە.

لاى خۆیه‌وه‌ هه‌ڵۆ سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پارت و رێكخراوه‌كان له‌ وه‌زره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی وت: "هه‌ر حیزبێك كه‌ داوای مۆڵه‌تی دامه‌زراندن ده‌كات پێویسته‌ له‌ ماوه‌ی 90 رۆژدا وه‌ڵامی بدرێته‌وه‌، گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌ وه‌ڵام نه‌درایه‌وه‌ پێویسته‌ دوای مانگێك له‌ دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ سكاڵا تۆمار بكات، ئه‌وكاته‌ دادگا بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئاخۆ ئه‌و حیزبه‌ رێگه‌ی پێده‌درێت دابمه‌زرێت یان نا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئه‌و حیزبانه‌ی كه‌ له‌ پارچه‌كانی تری كوردستان دامه‌زراون و هاتوون له‌ هه‌رێمی كوردستان كار بكه‌ن، بۆیان نییه‌ كاری رێكخستن له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامبده‌ن و ناشبێت به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ وه‌ك میوان لێره‌ن و ئاساییه‌ هه‌ندێ كاری مه‌ده‌نی ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام نابێت كاری رێكخستن و به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.

وتیشى: "به‌پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌و كه‌سه‌ی داوای دامه‌زراندنی حیزبێك ده‌كات ده‌بێت ناوی 50 ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری هه‌بێت و ته‌مه‌نیان له‌ 25 ساڵ كه‌متر نه‌بێت، 500 كه‌سیش پاڵپشتی دامه‌زراندنی ئه‌و حیزبه‌ بكات، پابه‌ندی یاسا و ده‌ستوور بن و ناكۆك نه‌بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ما دیموكراسییه‌كاندا".

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: هیچ داواکارییەک بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی حیزب رەتنەکراوەتەوە، تەنها ئەوانەی کە ماون لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و وردبینیدان.

له‌ 29ى تشرینى یه‌كه‌مدا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌پێى فه‌رمانێك قه‌ده‌غه‌كردنى كار و چالاكى ئه‌و پارت و كۆمه‌ڵه‌ و رێكخراوانه‌ى ده‌ركرد كه‌ مۆڵه‌تى یاساییان نییه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure