له‌ 8 ساڵدا زیاتر له‌ 52 هه‌زار هاوسه‌ر له‌یه‌كتر جیابوونه‌ته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 289‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌پێى ئامارێكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى هه‌رێم، كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ له‌ماوه‌ى هه‌شت ساڵدا 52 هه‌زارو 946 هاوسه‌ر له‌هه‌رسێ شاره‌كه‌ى هه‌ولێر، سلێمانى و دهۆك جیابوونه‌ته‌وه‌، پارێزه‌رێكیش ده‌ڵێت: "ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ جیابوونه‌وه‌ مه‌ترسیداره‌ و پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت".

به‌پێى ئاماره‌كه‌ له ماوه‌ی هه‌شت ساڵدا رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم به‌ گشتی به‌مجۆره‌ بووه‌: له‌هه‌ولێر 20 هه‌زارو 496 و له‌ سلێمانى 24 هه‌زارو 189 و له‌ دهۆك هه‌شت هه‌زار و 261 هاوسه‌ر له‌یه‌كتر جیابوونه‌ته‌وه‌.

له‌ ساڵی 2010 كه‌ هێشتا یاسایی به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی ده‌رنه‌چووبوو له‌ هه‌ولێر هه‌زارو 918 حاڵه‌تی جیابوونه‌وه‌ تۆماركراوه‌و له‌ سلێمانی دوو هه‌زارو 430 حاڵه‌ت و دهۆك 659، به‌ڵام له‌ ساڵی 2011 كه‌ یاسایی توندوتیژی خێزانی لێده‌رچوێنرا  ته‌نها له‌ هه‌ولێر رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ كه‌میكردووه‌، به‌ڵام له‌ دهۆك و سلێمانی زیادیانكردووه‌ كه‌ له‌ خشته‌كه‌ رێژه‌كانی جیابوونه‌وه‌ له‌ ساڵانی 2010 تا 2017دیاریكراوه‌.

پارێزه‌ر ژوان عه‌بدولڕه‌زاق، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: گرنگترین هۆكاره‌كانى جیابوونه‌وه‌ى ژن و مێرد بریتین له‌ به‌كارهێنانى خراپى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و خیانه‌تى هاوسه‌رگیرى و قه‌یرانى دارایى و كێشه‌ى ته‌مه‌نى گه‌وره‌و بچووكى هاوسه‌ران.

وتیشى: "یاساى توندوتیژى خێزانى هۆكارێكى دیكه‌ى زۆربوونى رێژه‌ى جیابوونه‌وه‌یه‌، كه‌ پێویسته‌ ئه‌و یاسایه‌ هه‌مواربكرێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی هه‌شت ساڵی رابردوو كه‌ یاسایی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێرانی ده‌رچووه‌، گه‌ر به‌راوردێك له‌ نێوان ساڵانی پێش ده‌رچوونی یاساكه‌ بكه‌ین له‌گه‌ڵ ئێستا ده‌بینرێت كه‌ رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتره‌ له ساڵای ده‌رچوونی پێش یاساكه‌. 

ئه‌و پارێزه‌ره‌ وتیشی: "به‌پێی ئه‌وه‌ی كه‌ یاسایی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی و دواتر جێبه‌جێكردنی له‌ دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم، ده‌بوایه‌ ئه‌م یاسایه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی هه‌بوایه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كانی جیابوونه‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی ده‌رئه‌نجامه‌كان به‌ گشتی ئه‌و یاسایه‌ نه‌بووه‌ته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری باشی هه‌بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كانی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران. 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌ رووی تێگه‌یشتن و هۆشیارییه‌وه‌ به‌ره‌و پێشتر چووه‌، به‌ڵام رێژه‌كانی جیابوونه‌وه‌ كه‌می نه‌كردووه‌و له‌ دوای ساڵه‌كانی 2010 تا 2017 رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ كه‌می نه‌كردووه‌، ئه‌وه‌ش مانای وایه‌ كه‌ ئه‌و سزایانه‌ی له‌ یاسایی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیدا هه‌ن وه‌ك خۆیان جێبه‌جی نه‌كراون، هه‌روه‌ها خودی یاساكه‌ش له‌ رووی گونجان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نامۆیه‌، بۆیه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان گرنگه‌. 

لای خۆشیه‌وه‌ پارێزه‌ر رێبین سه‌باح، كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ ئاماده‌كردووه‌ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌ لای یاساناس و پارێزه‌ران نزیكه‌ی 53 هه‌زار حاڵه‌تی لێكجیابوونه‌وه‌ رێژه‌یه‌كی یه‌جگار زۆرو مه‌ترسیداره‌و پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت.

ئه‌و پارێزه‌ره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: لای هەموان ڕوون و ئاشکرایە کە زۆرینەی حاڵەتەکانی جیابونەوە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەگونجانی هاوسەران لەگەڵ یەکتری که هۆکاری ئەمەش بریتیە لەوەی کە زۆرینەی کوڕان و کچان کاتێک پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامدەدەن هیچ هۆشیارییەکی ئەوتۆیان نییە کە ببێتە ڕێنیشاندەریان لە ژیانی هاوسەرگیریدا یان  بە شێوەیەکی ڕونتر ئەوان ئامادەکراو نین بۆ ئەو پرۆسەیە.

رێبین سه‌باح ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: وەک پارێزەرێک پڕۆژه‌یه‌كیان ئاماده‌كردوه‌ كه‌ له‌ سنوری هەر دادگایەکی باری کەسی تایبەتمەند بە بابەتی هاوسەرگیری چەند بنکەیەکی هۆشیاری و ئامادەکردن دابنرێن بۆ مەبەستی ئەوەی کاتێک هەر کوڕو کچێک کە داواکاری ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری پێشکەش دەکەن لەلایەن دادگاکانەوە ڕەوانەی ئەم بنکانە بکرێن، تا لە چوارچێوەی خولێکی چەند ڕۆژه‌ لەلایەن پسپۆڕانی یاسایی و کۆمەڵناسی و ئاینییەوە به‌ڕیوه‌بچێت و لەوێدا هۆشیار و ئامادە بکرێن بۆ پڕۆسەی ژیانی هاوسەرگیری و ئاشنا بکرێن بەو ژیانە نوێییەیان و فێری چۆنیەتی مامەڵەکردن و خۆگونجاندنیان بکەن لەگەڵ یەکتری.

ناوبراو وتیشی: "دوای ته‌واوبوونیان لە خولەکەو بە نوسراوی ڕەزامەندی ئەو بنکەیەی کە خولەکەیان لێ ئەنجامداوە، ئەوکات دادگاکان گرێبەستی هاوسەرگیرییان بۆ  پەسەند بکه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئەم بابەتە پێویستی بە تۆزێک ئیمکانیاتی مادی و مەعنەوی هه‌یه‌، بەڵام بۆ ساڵانی داهاتوو ڕێژەی جیابونەوە (تەڵاق) زۆر کەمدەبێتەوە.

رێبین سه‌باح ئاشكراشیكرد: پڕۆژه‌كه‌یان ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌ریم ده‌كه‌ن و دواتر گه‌ر گونجا وه‌ك پڕۆژه‌یاسایه‌ك ئاراسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن.

به‌ بۆچوونی ئابووریناسێكیش به‌شێكی گرنگی هۆكاره‌كانی جیابوونه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خراپی باری دارایی خێزانه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌ڵێت: "له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی ئاسایی هه‌ركاتێك به‌ خراپی رۆیشت كێشه‌ له‌ناو خێزان دروست ده‌بێت".

هاوكات د. ئه‌حمه‌د عه‌زیز مامۆستای ئابووری بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئابووری بنیاتبنرێت، به‌تایبه‌ت ئێستا له‌جیهاندا كار له‌سه‌ر ئه‌م سیستمه‌ ده‌كرێت، بۆیه‌ دروستكردنی خێزانیش ده‌بێت پێش ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری ئه‌نجامبدرێت، لایه‌نی ئابووری ئه‌و خێزانه‌ باش بێت و داهاتی مانگانه‌ی دیار بێت كه‌ ئاخۆ به‌و بڕه‌ داهاته‌ ده‌توانن خێزان به‌ڕێوه‌ببه‌ن. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure