كۆگای ده‌رمانی هه‌رێم كرایه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 04/12/2018‌ :: 268‌ جار بینراوە

دوارۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
وه‌زاره‌تی ته‌دروستی حكومه‌تی هه‌رێم بەبەهای چوار ملیار و 40 ملیۆن دینار له‌سه‌ر رووبه‌ری هه‌شت هه‌زار مه‌تر دووجا كۆگای ده‌رمانی هه‌رێمی كوردستانی دامه‌زراند.


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 4ی كانونی یه‌كه‌می 2018، رێكه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم و نه‌وزاد هادی، پارێزگاری هه‌ولێر له‌ رێوڕەسمێكدا كۆگای ده‌رمانی هه‌رێمیان كرده‌وه‌.

رێكه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید، وه‌زیری ته‌ندروستی له‌ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا‌ رایگه‌یاند: ئه‌م كۆگایه‌ له‌سه‌ر رووبه‌ری هه‌شت هه‌زار مه‌تر دووجا له‌سه‌ر بودجه‌ی نه‌وت به‌ بڕی چوار ملیار و 400 ملیۆن دینار دروستكراوه‌. 

وتیشی: "رێكخراوی یونسێف به‌ بڕی 250 هه‌زار دۆلار هاوكاری كردووین له‌ دروستكردنی ئه‌و كۆگایه‌ كه‌ به‌پێی سیستمی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دوستكراوه‌".

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: كوالێتی كۆنترۆڵی هه‌رێم به‌ره‌وپێشچوونی باشی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و له‌ ئێستاشدا كۆمپانیاكانی ده‌رمان له‌ڕێگه‌ی سیستمی ئه‌لیكترۆنی ده‌توانن مامه‌ڵه‌ی ده‌رمان بكه‌ن.  

روونیشیكرده‌وه‌: وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بەبەهای یه‌ك ملیار و دوو سه‌د ملیۆن دۆلار پڕۆژه‌ی هه‌یه ‌و گه‌ر قه‌یرانی دارایی چاره‌سه‌ر بێت، پڕۆژه‌كان ده‌چنه‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە.
 
له‌باره‌ی ناردنی ده‌رمان له‌ عێراقه‌وه‌ وتی: "له‌ عێراقه‌وه‌ له‌ سه‌دا 50 بۆ 40 ده‌رمان بۆ هه‌رێم دابینده‌كرێت و ئه‌وه‌ی تر له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی بودجه‌كه‌ی بۆ دابینده‌كرێت و ده‌رمانی پێده‌كڕین كه‌ هه‌ندێكجار به‌ قه‌رز ده‌رمانه‌كه‌ ده‌كڕین و مانگانه‌ش بایی شه‌ش ملیار دینار ده‌رمان ده‌كڕین".
 
ئاشكراشیكرد: له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سه‌ردانی وه‌زیری ته‌ندروستی تازه‌ی عێراق ده‌كه‌ن له‌ باره‌ی پرسی ده‌رمان و ره‌وشی ته‌ندروستی گفتوگۆ ده‌كه‌ن، مانگانه‌ بەبڕی شه‌ش ملیار دینار ده‌رمان دەكڕدرێت كه‌ زۆرجار به‌ قه‌رز ئه‌و ده‌رمانه‌ ده‌كڕین. 

ئه‌وه‌شی وت: "دامه‌زراندنی پزیشكانی ددان رانه‌گیراوه‌ و هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ دابمه‌زرێت ده‌بێت سێ ساڵ له‌ كلینیك ده‌وام بكات ئینجا ده‌توانێ دابمه‌زرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌مه‌ش له‌ ئێستادا كێشه‌مان هه‌یه‌ و پێویسته‌ یاسای ئه‌نجومه‌نی پزیشكی جێبه‌جێبكرێت، چونكه‌ گه‌ر ئه‌و یاسایه‌ جێبه‌جێبكرێت كێشه‌كان له‌و كه‌رته‌ نامێنێت".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure