پارەی ساختە...مۆتەكەی بازاڕەكانی دراو لەهەرێم

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 355‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی 
هێنانی پارەی ساختە بەراورد بە ساڵی پار بە رێژەیەكی بەرچاو رووی لە زیادبوون كردوە و پۆلیسی هەولێریش دەڵێت: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە ملیۆنان دۆلاری ساختەمان دەست بەسەردا گرتووە".

 

كاتێك سەردانی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو دەكەیت لە هەولێر چەندین دوكان و مێزی ئاڵوگۆڕی دراو دەكەوێتە بەرچاوت، لەگەڵ چوونت بۆناو بازاڕەكە و گۆڕینەوەی پارە هەست دەكەیت ژمارەیەك خەڵك چاودێریت دەكەن نەوەك ئەو پارەیەی كە دەیگۆڕیتەوە ساختە بێت، خاوەنی یەكێك لە نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراویش دەڵێت: "زۆرجار لەكاتی گۆڕینەوەی دۆلار یاخود یۆرۆ خەڵك لێرە پارەی ساختەی لە دەست گیراوە و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كراوە". 

 

لوقمان یاسین, تەمەن 43 ساڵ كە خاوەنی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوە لە بازاڕەكە بۆ دواڕۆژ ئاشكرایكرد: ئەو كەسانەی پارەی ساختە دێننە بازاڕ زیاتر ئەوانەن كە لەگەڵ خەڵكی بیانی پەیوەندییان هەیە و لە رێگەی ئەوانەوە پارەكە دێنن و لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو ساغی دەكەنەوە، بەڵام زۆربەی جارەكان سەركەوتوونابن لە كارەكەیان و ئاشكرا دەبن و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەكرێن. 

 

خاوەنی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو وتیشی: "ئەمساڵ پارەی ساختە زیاتر هاتۆتە ئێرە و چەندینجار پۆلیس لەناو بازاڕ خەڵكیان دەستگیر كردوە كە پارەی ساختەی پێبوە كە بەشێك لەوانەی دەستگیر كراون هاووڵاتی سوری و ئێرانی و توركی بوون و هەندێ‌ جاریش عەرەبی عێراق بوون. 

 

حوسێن محەمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند: تەنیا لە هەرێمی كوردستان پارەی ساختە نییە، بەڵكو لە زۆربەی وڵاتان پارەی ساختە هەیە و ساغیش دەكرێتەوە, بەڵام ئەو پارە ساختەیەی دێتە هەرێم لە وڵاتانی توركیا و ئێران و سوریاوە دەهێنرێتە شارەكانی هەرێمی كوردستان و هەندێ‌ جاریش لە بازگەكانی عێراق دێتە ناو هەرێم. 

 

سەرۆكی ئەنجومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو وتیشی: "لە ئێستادا لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو كێشەی پارەی ساختە تەواو كۆنتڕۆڵكراوە و ئەوانەی پارەی ساختە دێنن سەرجەمیان پارەكانیان لەدەست دەگیرێت و ئەو ئامێرانەشی پشكنینی پارەی پێدەكرێت زۆر پێشكەوتوون و پارەی ساختە ئاشكرا دەكەن، هەرچەندە لە سەرەتای ئەمساڵەوە پارەیەكی زۆری ساختە هاتە ناو هەرێمی كوردستان, بەڵام دوای ئەوەی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان پلانی تۆكمە دانرا ئێستا ئەو دیاردەیە تەواو بنەبڕ كراوە".  

 

حسێن محەمەد، ئەوەشی خستەڕوو: كێشەیەك هەیە كە پارەی ساختە هەندێ‌ جار لە بازاڕەكان ساغدەكرێتەوە، ئەویش لە سوپەرماركێت و دوكانەكان كە ئامێری پشكنینی پارەیان نییە گەر نا لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو پارەی ساختە بەسەرمان تێناپەڕێت و دەستگیر دەكرێن، ئەمساڵیش نزیكەی سەد كەس لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كراون كە بەشێك لەوانەی دەستگیر كراون لەناو بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو ویستوویانە پارەی ساختە ساغ بكەنەوە و هەندێكی تریش پێش ئەوەی مامەڵە بە پارەکەوە بكەن دەستگیر كراون.

 

بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر لەلایەن سێ‌ دەزگای ئەمنی جیاوازەوە بەچڕی چاودێری دەكرێت كە ئەوانیش ئاسایش، پۆلیسی ناو شار و  پۆلیسی فریاكەوتنن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خەڵكەی كاری ئاڵوگۆڕی دراو دەكەن زۆر چاو كراوەن لە ترسی ئەوەی پارەی ساختەیان لەسەر ساغنەبێتەوە, چونكە جاری وا هەبووە زیاتر لە 100 هەزار دۆلاری ساختە بە یەكجار دەستی بەسەردا گیراوە.

 

لوقمان یاسین لەوبارەیەوە وتی: "ئەوانەی كاری ئاڵوگۆڕی دراو دەكەن زۆر هۆشیارن و بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ جۆرەكانی دراو دەكەن و جگە لەوەش ئامێری تایبەت هەیە كە پشكنین بۆ ئەو پارانە دەكات كە ئاڵوگۆڕیان پێدەكرێت، بۆیە زۆر ئەستەمە بتوانرێ‌ پارەی ساختە ساغبكرێتەوە. 

 

وتەبێژی پۆلسی هەولێر دەڵێت: ئەو پارە ساختەیەی كە هەندێ‌ جار لەلایەن خەڵكانێكەوە ساغدەكرێتەوە زیاتر لە دوكانە لابەلاكانە كە ئەوانە زۆر شارەزانین و هەست بە پارەی ساختە ناكەن، بەڵام خەڵكەكەی ناو بازاڕ كە رۆژانە مامەڵە بە پارەیەكی زۆر دەكەن، زووتر و زیاتر پارەی ساختە دەناسنەوە. 

 

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند: لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر ژوورێكی عەمەلیاتیان دروستكردوە كە لە ستافێكی راهێنراو لە دەستگیر كردن و دۆزینەوەی ئەو كەسانەی كە مامەڵە بە پارەی ساختە دەكەن، پێکهاتووە.

 

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وتیشی: "بۆ رێگریكردن لەهێنانی پارەی ساختە لەگەڵ نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو و سوپەرماركێت و مۆڵەكان و هەموو ئەو شوێنە بازرگانییانەی كە رۆژانە مامەڵە بە پارە و ئاڵوگۆڕی دراو دەكەن، رێنماییان پێدراوە لە بارەی جۆرەكانی پارەی ساختە و ئەو كەسانەی كە گومانیان لێدەكەن پارەی ساختەیان پێبێت، دەبێت بەزووترین كات پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان ئاگاداربكەنەوە بۆ ئەوەی ئەو كەسانە دەستگیر بكرێن. 

 

هۆگر عەزیز ئاماژەی بەوەشكرد: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا بڕی زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، 800 هەزار یۆرۆ و لەگەڵ بڕی 36 ملیۆن دیناری عێراقی كە ساختە بوون، دەستیان بەسەردا گیراوە. 

 

سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی ئەمساڵ لەسەر مامەڵەكردن بە پارەی ساختە دەستگیر كراون، ئەو بەرپرسەی پۆلیسی هەولێر ئاشكراشیكرد: بەهۆی هێنان و هەوڵدانیان بۆ ساغكردنەوەی پارەی ساختە لە بازاڕەكان 100 كەس دەستگیر كراون كە لەوانەش هاووڵاتی ئێرانی و توركی و كوردی دانیشتووی هەرێمی كوردستانی تێدابووە و بەشێك لەوانەش عەرەبی شارەكانی خوارووی عێراق بوون. 

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە