وەزارەتی تەندروستی لەسەر ئەو پزیشكەی تەقەی لێكرا هاتە دەنگ

هەواڵ / کوردستان :: 03/12/2018‌ :: 1119‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاریان عەلی
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم راگەیاندراوێكی لەسەر ئەو پزیشكەی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە سلێمانی تەقەی لێکرا بڵاوکردوە و تیایدا داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا باڵاكانی ئاسایش دەكات هەرچی زووە ئەنجامدەرەکەی دەسگیربكەن.


وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە تەقەكردن لە دكتۆر كەمال ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ و پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە: زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ دەستێكی چەپەڵ و ترسنۆكی دژ بە مرۆڤایەتی، هێرشیكردەسەر كاكە دکتۆر كمال ئەحمەد ، مامۆستای زانكۆ و پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری، پزیشكێكی دڵسۆز كارامە و خزمەتگوزار بۆ نەخۆش.

وەزارەتەكە وێڕای سەركۆنەی توندی ئەو تاوانە، داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا باڵاكانی ئاسایش لە هەرێمی كوردستان دەكات هەرچی زووە تاوانبار دەسگیربكەن و بیدەنە دەستی دادگا و سزای دادپەروەرانە بدرێت.

وەزارەتەكە لەگەڵ هیوای سەلامەتی خواستن بۆ دكتۆر كەمال، داواش لە دەزگا پەیوەندارەكانی حكومەت دەكات بۆ پاراستنی گیانی پزیشكان و رێزگرتنیان دەکات وەك سەرمایەیەكی نیشتمانی و نەتەوەیی گرنگ.

پێداچوونەوە: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە