په‌یکه‌رێک بۆ قالەی "پاڵه‌وانی ئه‌نفال" دانرا

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 363‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ک له‌ که‌سوکاری ئه‌نفالکراوان و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی، له‌ناوه‌ندی قه‌زاکه‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یکه‌ری (قاله‌) لادرا.


رێکه‌وت لوڕی، هونه‌رمه‌ندی په‌یکه‌رتاش به‌دواڕۆژی وت: "چۆن مێژوونووسێک به‌پێنووسه‌که‌ی باس له‌ چیرۆکه‌کانی که‌سایه‌تیه‌کان ده‌کات، ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندیش له‌ڕێگه‌ی کاره‌کانمانه‌وه‌ ئه‌مانه‌وێت وێنه‌یه‌کی جوانی که‌سایه‌تی قاله‌ دوباره‌ بگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ ناو کۆمه‌ڵگە تا نه‌وه‌ی داهاتوو به‌دوای چیرۆکی ئه‌م پاڵه‌وانه‌دا بگه‌ڕێت".

وتیشی: "بیرۆکه‌ی کاره‌که‌ له‌ هاوڕێکانی قاله‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ و به‌هاوکاری به‌ڕێوه‌به‌راتی رۆشنبیری چه‌مچه‌ماڵ و سه‌رۆکایه‌تی شاره‌وانی قەزاکە دانراوه‌، به‌رزی په‌یکه‌ره‌که‌ دوو مه‌تره‌، یه‌ک مه‌تر بۆ قاعیده‌که‌ و یه‌ک مه‌تریش پۆرترێتی قاله‌".

رێکه‌وت لوڕی ده‌رچووی په‌یمانگەی هونه‌ره‌جوانه‌کانی چه‌مچه‌ماڵه‌ و ئێستا مامۆستای وانه‌بێژه‌ له‌هه‌مان په‌یمانگە و خاوه‌نی سێ پرۆژه‌ی شه‌قامه‌ و پێشانگەیه‌کی تایبه‌ت و دوو پێشانگەی هاوبه‌شی هه‌یه‌ .

عه‌بدولقادر مه‌حه‌مه‌د، له‌دایکبووی (1957)ی چه‌مچه‌ماڵ بووە، پیاوێکی بێ لانه‌بوو شه‌وان له‌مزگه‌وته‌کان ده‌خه‌وت و رۆژانه‌ به‌فرۆشتنی (شتی ورده‌واڵه‌) بژێوی خۆی په‌یدا ده‌کرد، له‌ناو خه‌ڵکدا به‌ (قاله‌) ناسرابوو، له‌ رۆژی 11/4/1988 که‌ڕژێمی له‌ناوچووی عێراق له‌ قۆناغی ئه‌نفالی سێدا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌گوندنشینه‌کانی سنوری سه‌نگاو و ناوچه‌ی زه‌نگه‌نه‌ و هه‌مه‌وه‌ندی ده‌ستگیرکردبوو به‌ئیڤا و تراکتۆر و هۆیه‌کانی دیکه‌ی گواستنه‌وه‌ هێنایانی تا له‌ لیواکه‌ی چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ راپێچی توونه‌کانی مه‌رگیان بکات، له‌وکاته‌دا له‌ئه‌نجامی توڕه‌بوونی خه‌ڵکه‌که‌ له‌کرده‌وه‌کانی رژێم، خه‌ڵکی چه‌مچه‌ماڵ و شۆڕش خۆپیشاندانیان سازکرد و نزیکه‌ی هه‌زار هاوڵاتییان له‌و ‌شاڵاوه‌ رزگارکرد.

قاله‌ یه‌کێک بوو له‌و که‌سانه‌ی به‌پێ به‌ناو چه‌مچه‌ماڵدا ده‌سوڕایه‌وه‌ و هاواری ده‌کرد و داوای راپه‌ڕینی دژی رژێم ده‌کرد، خه‌ڵکی هێنابووه‌ جۆش و خرۆش و بوو به‌پێشه‌نگی ئه‌و راپه‌ڕینه‌. لەساڵی 1992 قالە بەهۆی نەخۆشییەوە لە چەمچەماڵ گیانی لەدەستداوە.

 

پێداچوونەوە: ن.ر

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure