سلێمانی: پزیشکێك له‌ناو نۆرینگه‌كه‌یدا درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژى گولـله‌

هەواڵ / کوردستان :: 03/12/2018‌ :: 15924‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پزیشكێكی پسپۆری نه‌شته‌رگه‌رى له‌ناو نۆرینگه‌كه‌یدا له‌ سلێمانی به‌ ده‌مانچه‌ هێرشیكرایه‌سه‌ر.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 3ى كانونى یه‌كه‌مى 2018 پزیشكێكى پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى گشتى به‌ناوى (ك. ئ. س) له‌ناو نۆرینگه‌كه‌ى خۆى له‌ شه‌قامى ئۆرزدى سلێمانى به‌ سه‌ختى برینداركرا.

به‌پێى هه‌ندێك له‌ زانیارییه‌كان ده‌مانچه‌ له‌ رووداوه‌كه‌دا به‌كارهێنراوه‌.

دواتر هێزه‌كانى پۆلیس گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنى رووداوه‌كه‌ و پزیشكه‌كه‌یان بۆ نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتن گواستوه‌ته‌وه‌.

پێشتر به‌ دواڕۆژ راگه‌یه‌نرا كه‌ له‌نێو نۆرینگه‌كه‌یدا كوژراوه‌، به‌ڵام دواتر سه‌رچاوه‌كانى پۆلیس پێیان راگه‌یاندین كه‌ به‌ بریندارى گه‌یاندویانه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌.

د. سۆران عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى سلێمانى تایبه‌ت به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پزیشكه‌كه‌ سێ فیشه‌كى به‌ركه‌وتووه‌ كه‌ به‌ر سه‌ر و سنگى كه‌وتووه‌ و له‌ئێستادا له‌ژێر نه‌شته‌رگه‌ریدایه‌.

وتیشى: "بارى ته‌ندروستى ناجێگره‌".

پزیشكه‌كه‌ مامۆستایه‌ له‌ كۆلێجى پزیشكى زانكۆى سلێمانى و خێزانداره‌ و دوو كوڕى هه‌یه‌.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان كە دواڕۆژ لە سەرچاوەیەكی پۆلیسەوە ده‌ستیكه‌وتووه‌: سێ كەس بۆ بڕینی بلیت چوونه‌ته‌ ناو نۆرینگەكە و پێكه‌وه‌ چوونەتە ژوورەوە بۆ لای پزیشكەكە.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو: دواتر دوو كەسیان هاتوونەتەدەر و دەنگی تەقە بیستراوە، دواتر بكوژەكە هاتۆتەدەر و هەڕەشەی كردووە، كە كەس لەشوێنی خۆی جووڵە نەكات و دواتر هەڵاتووە.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure