گۆڕان: هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت پارتییە

هەواڵ / کوردستان :: 03/12/2018‌ :: 475‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
جێگری سەرۆكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان رایدەگەیەنێت: دوای دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان، ئەگەر لە بەرژەوەندی حزبەكەیان بێت بە مەرج بەشداری لە حكومەت دەكەن و دەشڵێت: "هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ پارتییە".


ساڵح ژاژڵەیی، جێگری سەرۆكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 3ى كانونى یه‌كه‌مى 2018 بە دواڕۆژی وت: "دوای ئەوەی وەفدی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت سەردانی گۆڕان دەكەن، دەبێت بزانین ئەوان دەیانەوێت چۆن حكومەت پێكبهێنن و نیازیان هەیە چی لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بكرێت، تا لێیان تێبگەین".

وتیشی: "لەدوای هاتنی وەفدی پارتی، جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی كۆدەبنەوە و بڕیار لەبارەی بەشداریكردنی حكومەت یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن دەدەن، ئەگەر بزانین لە بەرژەوەندی گۆڕانە، ئەوا بەشداری لە حكومەت دەكەین بە مەرجی خۆمان".

سەبارەت بەوەی دەوترێت بەهۆی ناكۆكی ناوخۆی حیزبەكان پێكهێنانی حكومەت دواكەوتووە، ساڵح ژاژڵەیی وتی: "ئەوە راست نییە، بەڵكو هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت پارتییە، چونكە پێشتر خۆیان پێ ساغنەدەكرایەوە كێ‌ راسپێرن بۆ سەرۆكی حكومەتی داهاتوو، بەشێكی دیكەش پەیوەندی بە سەردانی مەسعود بارزانییەوە هەیە بۆ بەغدا".

سەبارەت بەوەی پارتی دەڵێت پێمانخۆشنییە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری حكومەت بكات، ئایا رای گۆڕان چی دەبێت؟ ژاژڵەیی وتی: "كۆمەڵی ئیسلامی لە هەموو بارودۆخەكان لەگەڵ ئێمە بووە پێشوەختیش بڕیارمانداوە بۆچوونمان یەك بێت لەسەر بەشداریكردن لە حكومەت یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن، بۆیە حساب بۆ كۆمەڵی ئیسلامی دەكرێت لەلایەن گۆڕانەوە لەسەر ئەو پرسە".

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكنەهێنراوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure