"وادەی پێكهێنانی حكومەت تەنیا بەدەست پارتی نییە"

هەواڵ / کوردستان :: 03/12/2018‌ :: 509‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت: ئەوان پێیانباشە هەرچی زووە حكومەتی نوێی هەرێم پێكبهێنرێت، بەڵام بەشێكی ئەوەش لای لایەنەكانی دیكەیە.


عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: شاندی حیزبەكەیان بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، هەر شاندەكەی جارانە و گۆڕانكاری تێدا نەكراوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كۆتایی بە كارەكانیان نەهاتووە.

سەبارەت بەوەی پارتی پێیباشە تا ماوەی چەندی دیكە سەرۆكایەتی هەرێم كارا بكرێتەوە، عەونی روونیكردەوە: ئەوە لای پەرلەمانە و هەر كاتێك دانیشتنیان كرد دەتوانن كارای بكەنەوە.

بۆ ماوەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمیش، سەركردەكەی پارتی دەڵێت: "ئێمە پێمانوایە تا زووتر بێت باشترە، بەشێكی ئەوەش لای لایەنەكانە و دەبێت كاندیدەكانیان یەكلایی بكەنەوە".

سەبارەت بەوەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا هیچ قسەیەك لەبارەی سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی نەكراوە بۆ پێكهێنانی حكومەت، عەلی عەونی وتی: "تائێستا بۆ ئەو مەبەستە هیچ بڕیارێك نییە".

ئەمڕۆ سەركردایەتی پارتی كۆبووەوە و بڕیاریدا مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و نێچیرڤان بارزانیش بۆ سەرۆكی داهاتووی هەرێم كاندید بكات.

پێشتر شاندێكی پارتی بە سەرۆكایەتی ئازاد بەرواری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندامێتی جەعفەر ئیمینكی، مەحمود محەمەد، هێمن هەورامی، ئومێد سەباح سەردانی یەكێتی و گۆڕانیان كرد بەمەبەستی گفتوگۆ لەبارەى پێكهێنانی حكومەتی نوێ.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure