سه‌ركرده‌یه‌كى یه‌كێتى داوای لەیەک نزیکبوونەوەی گۆڕان و حیزبەکەی دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 02/12/2018‌ :: 613‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: پێویست ناكات له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ یه‌كتر داببڕێن و به‌پێویستى ده‌زانێت زیاتر له‌ یه‌كتر نزیكبنه‌وه‌، ده‌ڵێت: "ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ى له‌ناو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێم هه‌یه‌ به‌ مه‌ترسى ده‌زانین".


هه‌ڵۆ پێنجوێنى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، به‌ دواڕۆژى وت: "یه‌كێتى چه‌ند بڕیارێكى گرنگى ده‌ركردووه‌ و ده‌بنه‌ به‌رنامه‌یه‌كى كار بۆ ئه‌وه‌ى كارى له‌سه‌ر بكات، له‌وانه‌ چۆنێتى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق و کارکردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گه‌له‌كه‌مان".

وتیشى: "لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێم خاڵى هاوبه‌شمان زۆره‌، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌ى ئێستادا بۆ ئه‌وه‌ى كورد باشتر كۆبێته‌وه‌، پێویستە ئەو په‌رته‌وازه‌ییه‌ى هەیە نەیهێڵین، چونكه‌ ده‌رفه‌تێكى باش بۆ گه‌لى كورد هاتووەته‌ پێشه‌وه‌و قۆستنه‌وه‌ى ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ش ته‌نیا و ته‌نیا به‌ یه‌كترقبوڵكردن و یه‌كترخوێندنه‌وه‌ ده‌بێت".

هه‌ڵۆ پێنجوێنى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: هه‌نگاوى جدى ده‌نێین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌تایبه‌تى له‌ سلێمانى و پێمانوایه‌ پێویست ناكات یه‌كێتى و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان داببڕێن له‌یه‌كتر و پێویسته‌ باشتر له‌یه‌كتر تێبگه‌ین و ئه‌و گرفتانه‌ى به‌رده‌ممان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، چونكه‌ ده‌زانین نائارامى سیاسى له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك ده‌گه‌یه‌نێت و زه‌ره‌رى هه‌یه‌ بۆ هه‌موو جومگه‌كانى ژیان له‌م سنوره‌.

جه‌ختیشى كرده‌وه‌: پێویسته‌ لەگەڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ روحى هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گه‌له‌كه‌مان بتوانن لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌كى باش دروستبكه‌ین.

پێدواچوونەوە: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure