پارتی كاندیدی سەرۆكی حكومەتی یەكلایی دەکاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 02/12/2018‌ :: 28299‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووه‌تەوەو كاندیدی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی یەكلاییكردووه‌تەوە كە ئەگەری بەهێز هه‌یه‌ مەسرور بارزانی كاندید بێت بۆ ئه‌و پۆسته‌، سبەینێش بۆ هەمان مەبەست سەركردایەتی پارتی كۆدەبێتەوە.


سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ تایبه‌ت بۆ دواڕۆژ ئاشكرای كرد: ئەمڕۆ یەكشەممە مەكتەبی سیاسی حیزبەكەیان كۆبووه‌تەوەو كاندیدی پارتیان بۆ سەرۆكی داهاتووی حكومەتی هەرێم یەكلایی كردووه‌تەوەو سبەینێش كۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتی ئەنجامدەدرێت، تا بە فەرمی كاندیدەكە رابگەیەنرێت.

ئه‌و سەرچاوەیه‌ وتیشی: "ئەگەری بەهێزە مەسرور بارزانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش كاندیدی سەرۆكی حكومەت بێت، چونكە لە حاڵەتی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئەو پۆستە وەردەگرێت".

هەروەها نوری حەمەعەلی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: سبەینێ كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەنجام دەدرێت، تەوەرەكانیش بریتی ده‌بن له‌ تاوتوێی دۆخی كوردستان و سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ شاری بەغدا و وڵاتانی دراوسێ، هەروەها سەردانی شاندی پارتی بۆ لای برادەرانی یەكێتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ".

سەبارەت بە دیاریكردنی كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكی داهاتووی حكومەتی لە كۆبوونەوەی سبەینێ، ناوبراو وتی: "بۆ ئەو مەبەستە چەند سیناریۆیەك هەیەو بێگومان سبەینێش باسی ئەوانەش دەكرێت، بەڵام رەنگە باسی كەسی یەكەمی راسپێردراو نەكرێت، چونكە ئەوە لەئەنجامی وتوێژ و ئەو رێككەوتنانەی كە دەیكەین لە كۆتاییەكەی بڕیار بدرێت كەسی یەكەم دیاری بكرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ".
 
هەر دەربارەی كاندیدیان بۆ سەرۆكی داهاتووی حكومەت، نوری حەمەعەلی وتیشی: "هەرچەندە لەمیدیاكان دەوترێت كاك مەسرور بارزانییە و لەلایەكی دیكەش باس لە كاك نێچیرڤان دەكرێت، بەلای ئێمەوە هەر بەڕێزێكیان ببێتە سەرۆكی حكومەت ئاساییە، رەنگە بۆ داهاتوو ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێم بكەوێتەوە كار، ئەوا بابەتێكی دیكە دەبێت لە پێكهاتەكە".
 
پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure